دو راپۆرتی جیاواز سەبارەت بە پێنج ملیۆن دۆلارەكەی هەولێر ئاراستەی دەستەی دەستپاكی حكومەت كراوە

- 11/14/2019 10:04:00 PM 1884 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند،"لیژنەی دەسپاکی به‌دواداچون بۆ چۆنیه‌تیی خه‌رجكردنى پێنج ملیۆن دۆلارى ته‌رخانكراو بۆ شارى هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌كات.

شیرین ئەمین، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند،"به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون و ئاگاداربون له‌ چۆنیه‌تیی خه‌رجكردنی ئه‌و پێنج ملیۆن دۆلاره‌ى كه‌ له‌ساڵی 2014 بۆ شارى هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانى عه‌ره‌بى ته‌رخان كرابو، رۆژی سێشه‌مه‌ 2019/11/12، شاندێكی لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێكهاتبو له‌ شیرین ئه‌مین سه‌رۆكی لیژنه‌و سه‌عید مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌و شنۆ ئه‌شقی ئه‌ندامى لیژنه‌و مه‌روان حاجى راوێژكارى لیژنه‌كه‌، سه‌ردانی ده‌سته‌ی ده‌سپاكیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كردو له‌لایه‌ن د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌كه‌ پێشوازیی لێكرا".

راشیگەیاند،"دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى ده‌سپاكیی په‌رله‌مان میوانداریی نوێنه‌رانی دیوانی چاودێریی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریی نوێ له‌سه‌ر كه‌یسی خه‌رجكردنی ئه‌و پێنج ملیۆن دۆلاره‌ى كه‌ له‌ ساڵی 2014 بۆ شارى هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانى عه‌ره‌بى ته‌رخان كرابو، لیژنه‌كه‌ بۆى رونبوەوە كه‌ ئه‌و دۆسییه‌یه‌ له‌ ساڵی 2016 ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی كراوه‌و ئه‌وان ئاگادارى ورده‌كاریى به‌ڕێوه‌بردنی دۆسییه‌كه‌ نین.

ئاماژەی بەوەشكرد،"دوای كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ى ده‌سپاكی و ستافی ده‌سته‌كه‌و پرسیاركردن له‌ دواقۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌یسه‌ ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ هۆكارى بونی دو راپۆرتی جیاواز له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌ له‌ده‌سته‌ی ده‌سپاكی دۆسییه‌كه‌ داخراوه‌و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی بڕیاریدا ورده‌كاریى داخستنی دۆسییه‌كه‌و ناوه‌ڕۆكی دو راپۆرته‌ جیاوازه‌كه‌ بۆ لیژنه‌ى ده‌سپاكیی په‌رله‌مان بنێرێت به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP