دۆسیەی تەرخانکردنی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ شارى هه‌ولێر لە ده‌سته‌ی ده‌سپاكی "داخراوە"

- 11/14/2019 11:17:00 AM 1661 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بەهۆكارى بونی دو راپۆرتی جیاواز له‌سه‌ر دۆسییه‌ی تەرخانکردنی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ شارى هه‌ولێر له‌ده‌سته‌ی ده‌سپاكی، "دۆسییه‌كه‌ داخراوه‌".

شاندێكی لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سەردانی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستانی کردوە 

 

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە ئاماژە بەوەکراوە، شاندێكی لیژنه‌ی ده‌سپاكی و كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان سەردانی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستانی کردوە بۆ بەدواداچونی پرسی خەرجکردنی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ شاری هەولێر.

دۆسیەی تەرخانکردنی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ شارى هه‌ولێر له‌ ساڵی 2016 ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی كراوه‌

 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، "دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى ده‌سپاكیی په‌رله‌مان میوانداریی نوێنه‌رانی دیوانی چاودێریی داراییی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ى زانیاریی نوێ له‌سه‌ر كه‌یسی خه‌رجكردنی ئه‌و پێنج ملیۆن دۆلاره‌ى كه‌ له‌ ساڵی 2014 بۆ شارى هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی گه‌شتیاریی وڵاتانى عه‌ره‌بى ته‌رخان كرابو، لیژنه‌كه‌ بۆى رونبوەوه‌ كه‌ ئه‌و دۆسییه‌یه‌ له‌ ساڵی 2016 ئاڕاسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی كراوه‌".

 

ده‌ركه‌وتوە، كه‌ به‌ هۆكارى بونی دو راپۆرتی جیاواز له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌ له‌ده‌سته‌ی ده‌سپاكی دۆسییه‌كه‌ داخراوه‌

 

باس لەوەشکراوە، دوای كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ى ده‌سپاكی و ستافی ده‌سته‌كه‌و پرسیاركردن له‌ دواقۆناغی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌یسه‌، ده‌ركه‌وتوە، كه‌ به‌ هۆكارى بونی دو راپۆرتی جیاواز له‌سه‌ر دۆسییه‌كه‌ له‌ده‌سته‌ی ده‌سپاكی دۆسییه‌كه‌ داخراوه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی بڕیاریداوە ورده‌كاریى داخستنی دۆسییه‌كه‌و ناوه‌ڕۆكی دو راپۆرته‌ جیاوازه‌كه‌ بۆ لیژنه‌ى ده‌سپاكیی په‌رله‌مان بنێرێت به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP