عەبادی، عەلاوی و نوجەیفی: داوا دەکەین هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت و حکومەت دەستلەکاربکێشێتەوە

- 11/14/2019 10:31:00 AM 1405 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەر یەک لە هاوپەیمانی نەسڕ، بەرەی رزگاری و گەشەپێدان  و بەرەی دوانگەی عێراقی  رایانگەیاند، لەسەر پرۆژەیەکی سیاسی و پەرلەمانی ئۆپۆزسیۆنی رێککەوتون کە هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا بەڕێوەبچێت و حکومەتی ئێستا دەستلەکاربکێشێتەوە.
رێککەوتوین هەوڵە سیاسی و پەرلەمانییەکانیان یەکبخەن بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی کاتی  و پاراستنی دۆخی وڵات و بەدیهێنانی خواستەکانی گەل

 

ئوسامە نوجیەفی، سەرۆکی بەرەی رزگاری و گەشەپێدان لەتویتێکدا لە هەژماری تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ و ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی گردبونەوەی دوانگەی عێراق رێککەوتون هەوڵە سیاسی و پەرلەمانییەکانیان یەکبخەن بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتی کاتی  و پاراستنی دۆخی وڵات و بەدیهێنانی خواستەکانی گەل لە ژێر رۆشنایی دەستور و یاساکان.
 هاوپەیمانییەتییەکەمان بەروی هێزە سیاسییە نیشتیمانی و جەماوەرییەکاندا کراوەیە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، هاوپەیمانییەتییەکەیان بەروی هێزە سیاسییە نیشتیمانی و جەماوەرییەکاندا کراوەیە، بە تایبەت ئەوانەی باوەڕیان بە گۆڕانکاری سیاسی ئاشتیانە هەیە و کار لەسەر راستکردنەوەی هەڵەکان دەکەن و لە کۆتایی کۆتایی هێنان بە گەندەڵی لە وڵاتدا ئامادەی هاوکارین.
پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتییە سیاسیە لە کاتێکدایە ئەوان کەسی یەکەمی عێراق بون و پۆستە باڵاکانی وڵاتیان بەدەستەوە بوە

 

پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتییە سیاسیە لە نێوان ئەو سێ لایەنەدا کە وەکو خۆیان باسی دەکەن لە پێناوی "ژیانێکی باشتردایە" بۆ هاوڵاتیان و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی، لە کاتێکدایە سەرکردەکانیان پێشوتر کەسی یەکەمی عیراق بون.

هەریەکە لە عەبادی و عەلاوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بون، ئوسامە نوجەیفیش سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک کۆمار بوە، بەڵام هاوشێوەی خۆپیشاندەران دەڵێن، "دۆخی عێراق لە دوای روخانی بەعسەوە رۆژ بە رۆژ بەرە خراپتربون چوە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP