بەپەلە

جێرمی کۆربین: باشتربو بەغدادی بە زیندویی دەستگیربکرایە

- 11/14/2019 8:18:00 AM 1212 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
 
سەرۆکی پارتی کارانی بریتانیا رایگەیاند، باشتردەبو ئەگەر بتوانرایە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش بە زیندویی دەستگیربکرایە.

27ی مانگی رابردو ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا و بەهاوکاری شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە سوریا کوژرا.

خەڵکانێکی وەکو بەغدادی دەبێت لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای دادگایی بکرێن

 

جێرمی کۆربین، سەرۆکی پارتی کارانی بریتانیا لەبارەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بە رادیۆی ئێل بی سی رایگەیاند، "خەڵکانێکی وەکو بەغدادی دەبێت لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە لاهای دادگایی بکرێن".

ئەگەر بکرایە دەستگیری بکەن، بەڵام ناشزانم لەو کاتەدا چی بوە و چۆن بوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بکرایە دەستگیری بکەن، بەڵام ناشزانم لەو کاتەدا چی بوە و چۆن بوە، چونکە تەنها سەیری ئەو زانیارییانەم کردوە کە ئەمریکا پێشکەشی کردون، ئەوا بەدڵنیاییەوە شتێکی ڕاست دەبو".

کوشتنی ئوسامە بن لادن لەسەر دەستی ئەمریکا کارەسات بو

 

پێشتریش کۆربین لەبارەی ئوسامە بن لادن، رابەری ڕێکخراوی قاعیدە رایگەیاندبو، "کوشتنی ئوسامە بن لادن لەسەر دەستی ئەمریکا کارەسات بو، چونکە هەوڵ نەدرابو بۆ دەستگیرکردنی و دادگاییکردنی".

ئەبوبەکر بەغدادی ناوی تەواوی ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم عەلی بەدری سامەڕائییە، سەرۆکی رێکخراوی داعشە لە سوریا و عیراق، ساڵی 1971 لە نزیک قەزای سامەڕای سەر پارێزگای سەلاحەدین لە دایک بوە.

ئەبوبەکر بەغدادی پشتێنی بۆمبڕێژکراوی لەبەردابوە و دوای ئەوەی هێزەکانیان نزیکبونەتەوە لە کوشتنی، خۆی تەقاندوەتەوە

 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاندوە، ئەبوبەکر بەغدادی پشتێنی بۆمبڕێژکراوی لەبەردابوە و دوای ئەوەی هێزەکانیان نزیکبونەتەوە لە کوشتنی، خۆی تەقاندوەتەوە.

لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق و روبەرێکی فراوان لە سوریا، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند

 

لە 2014دا و دوای کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و زۆربەی ناوچە سوننەنشینەکانی دیکەی عێراق و روبەرێکی فراوان لە سوریا، بەغدادی خەلافەتی داعشی راگەیاند، ئەمریکا بڕی 25 ملیۆن دۆلاری بۆ هەرکەسێک تەرخانکردبوە کە شوێنی راستەقینەی بەغدادی ئاشکرا بکات یان بیکوژێت.

ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی رێکخراوێک بو کە بوەتەھۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و سەدان هەزار کەسی دیکەش بەهۆی هێرشی ئەو رێکخراوەوە لە عێراق و سوریا ئاوارە و بێماڵ بون، هاوکات دەیانی شاری مێژویی و ئاینی لە عێراق و سوریا خاپوربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP