ئەردۆگان بۆ ترەمپ: مەزلوم كۆبانی كوڕی "مەعنەوی"ی ئۆجەلانە

- 11/13/2019 11:21:00 PM 23996 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا بە دۆنالد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای وت،"مەزلوم كۆبانی كوڕی "مەعنەوی"ی ئۆجەلانە".

لە كۆبونەوەی لەگەڵ ترەمپ، ئەردۆگان وتویەتی،"با من كۆمەڵێك بەڵگەت پێ بڵێم، ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن كورد لە راستیدا (یەپەگە و پەكەكە)ن، ئەمانە رێكخراوی تیرۆریستین، (یەپەگە و پەیەدە) بەكرێگیراوی (پەكەكە)ن".

ئەردۆگان بە ترەمپی وتیشی،"ئەوەی پێی دەڵێیت مەزلوم كۆبانی، لەراستیدا ناوی فەرهاد عەبدی شاهینە و كوڕی "مەعنەوی" عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی كرێكاری كوردستانە".

پێی وتوە،" لەسەردەمی باراك ئۆباماش من ئاماژەم بە دروستكردنی ناوچەی ئارام داوە، ئەمە پرۆژە ئێستامان نییە، ئێمە ئەو كاتە پرۆژەكانمان ئامادە كردوە و ئێستا جێبەجێیان دەكەین".

راشیگەیاندوە،"ئەگەر ئێستا هەنگاو بنێین، دەتوانین لە ماوەی شەش مانگ بۆ دو ساڵ، ناوچەی ئارام دروست بكەین، دو ملیۆن ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بكەین و ملیۆنێكیش لە رەقەو دێرزور جێدەكەینەوە".

سەبارەت بە پرۆگرامی F35 ئەردۆگان داوایكردوە كە جارێكی دیكە ئەمریكا توركیا بگەڕێنێتەوە ناو پرۆگرامەكە، لە وەڵامدا ترەمپ پێی وتوە كە لەگەڵ سیناتۆرەكاندا گفتوگۆ دەكەم و هیوادارم بتوانم چارەسەری بكەم.

كۆبونەوەكە لە كۆشكی سپی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەنجامدراوە و نزیكەی یەك كاتژمێرو 15 خولەكی خایاندوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP