دوای پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی، رۆژنامەنوس ئازاد عوسمان ئازادكرا

- 11/13/2019 7:08:00 PM 5869 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند،"زیندان شوێنی رۆژنامەنوس و رەخنەگران نییە"، دوای ئەو پەیامە، رۆژنامەنوس ئازاد عوسمان كە ئەمڕۆ لە كەلار دەستگیركرابو بە كەفالەت ئازادكرا.

بەگوێرەی زانیارییەكانی خەندان، ئەمشەو رۆژنامەنوس ئازاد عوسمان، رۆژنامەنوس و بەڕێوەبەرى رادیۆى دەنگ كە ئەمڕۆ لەسەر سکاڵایەکى کۆن دەستبەسەرکرابو بە كەفالەت ئازادكرا.

ئازادكردنی ئەو رۆژنامەنوسە، راستەوخۆ دوای پەیامێكی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دێت كە رایگەیاند،"زیندان شوێنی رۆژنامەنوس و رەخنەگران نییە".

ئێوارەی ئەمڕۆ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاند،"زیندان شوێنی رۆژنامەنوس و رەخنەگران نییە، بەڵکو شوێنی دز و پیاوکوژانە". 

قوباد تاڵەبانی نوسیویەتی،"نوسین بە نوسین وەڵام دەدرێتەوە، ئەگەر رۆژنامەنوسێکیش هەڵەیەکی کرد و بێ بەڵگە کەسێک و لایەنێکی تۆمەتبار کرد ئەوا یاسای کاری رۆژنامەگەریمان هەیە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک پەنا ببرێت بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و توندوتیژی".
 
وتیشی،"لەماوەی داھاتودا کۆبونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژنامەنوسان رێک دەخەم بۆ ئەوەی ڕێوشوێنێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنانە کە دواھەمینیان دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس (ئازاد عوسمان)ە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP