دەستگیرکراوانی داعش بۆمبێک لەدەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا

- 11/13/2019 5:47:00 PM 2223 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


ماڵپەڕی دیفێنس پۆستی ئەمریکی بابەتێکی بەناونیشانی " هەسەدە پارێزگاری لەبۆمبێک دەکات" کە دەستگیرکراوانی داعشن، ئاماژەی بەوەکردوە هێزەکانی سوریای دیموکرات پاسەوانی هەزاران دەستگیرکراوی داعش دەکەن کە وەک بۆمبێک وان لەچرکەساتی تەقینەوەدان، داگیرکارییەکانی تورکیاش دۆخەکەیان هێندەی تر خراپکردوە.
سەدان دەستگیرکراوی داعش خزێنراونەتە ژوری گەورە و جلی پرتەقاڵییان لەبەرکراوە

جۆن ستۆکەر، نوسەری بابەتەکە، ئاماژەی بەوەکردوە سەرەتای ئەم مانگە سەردانی گرتوخانەکانی هەسەدەی کردوە و بەچاوی خۆی بینیویەتی سەدان دەستگیرکراوی داعش خزێنراونەتە ژوری گەورە و جلی پرتەقاڵییان لەبەرکراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامە نوسە، بەرپرسێکی زیندانەکە ئاشکرایکردوە زیاتر لە 2 هەزار زیندانی داعش بەهۆی برینداربونیانەوە دەناڵێنن و دۆخی تەندروستییان باش نیە، بەڵام هێشتا مەترسیدارن.

ئاماژەی بەوەش کردوە، لەلایەن پاسەوانانی زیندانەکەوە ئاگادارکراونەتەوە کە نزیکی پەنجەرە و دەرگای سەرەکی زیندانەکە نەبنەوە، لەبەرئەوەی ژمارەیەک زیندانی مەترسیداری تێدابوە و لەو کەسانەبون کە پێشی چەند رۆژێک هێرشیانکردۆتە سەر خەڵکی و کوشتونیان.

ئەو نوسەرە روداوێکی زیندانەکە دەگێڕێتەوە کە جارێک بەناوی مردنی یەکێک لەزیندانەکان دەرگای زیندانەکەیان بەپاسەوانەکە کردۆتەوە و بەوهۆیەشەوە هێرشیان کردۆتە دەرەوە و بەشێکیان توانیویانە خانەی ناوەوەی زیندانەکە ببڕن، بەڵام نەیانتوانیوە بچنە دەرەوەی زیندانەکە.

بەشێوەیەکی گشتی بابەتەکە باسی مەترسی ئەو زیندانانە دەکات کە لە هەر چرکەساتێکدا وەک بۆمبی ئامادەکراو دەتەقنەوە و هەڵدێن، ئەوەش بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا ئەگەری تەقینەوەی ئەو بۆمبە زیاتربوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP