خەندان-
رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنهوهى گۆڕان رایگەیاند، دەستبەسەرکردن و راگرتنی رۆژنامەنوس لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان، دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکانەوە پێچەوانەی یاسای رۆژنامەنوسییە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بە یاسا بکەن.
بەندکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان
دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لهبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "بەندکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان و هێزە ئەمنییەکان کار بە یاسا کارپێکراوەکان بکەن و ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم رۆژنامەنوسان بۆ گەیشتن بە زانیارییەکان گەورەتر نەکەن".
گۆڕان بە بایەخەوە لە ئازادی رۆژنامەگەری دەڕوانێت و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ رۆژنامەنوسان
ئاماژەی بەوەکردوە، گۆڕان بە بایەخەوە لە ئازادی رۆژنامەگەری دەڕوانێت و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ رۆژنامەنوسان، تا بتوانن ئاسانتر دەستیان بە زانیارییەکان بگات.
ئەوە لە کاتێکدایە لە دوێنێوە تا ئێستا دو رۆژنامەنوس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دهستبهسهركراون، کە ئەوانیش ئامانج ئەحمەد پەیامنێرى ماڵپەڕی سبەى لە سۆران و ئازاد عوسمان بەڕێوەبەرى رادیۆى دەنگ لە کەلار.
دەستبەسەركردن لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری و وەك تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوسان بەكاردەهێنرێت
سەبارەت بە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسانیش سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنوسان رایگەیاندوە، دەستبەسەركردن لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە لە دەرەوەی یاسای رۆژنامەگەری و وەك تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوسان بەكاردەهێنرێت.
بە گوێرەی یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007، رۆژنامەنوس لە هیچ دۆخێکدا لەسەر کاری رۆژنامەوانی و بەدواداچون بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە بەرژەوەندی گشتیەوە دەستگیرناکرێت، هەر کاتێکیش رۆژنامەنوس داوایەکی یاسای لەسەربێت بانگهێشتی دادگا دەکرێت.