موقتەدا سەدر راگەیەندراوێکی لەبارەی دۆخی عێراق بڵاوکردەوە

- 11/13/2019 12:29:00 PM 10833 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوادەکات حکومەتی عێراق بەبێ دەستوەردانی دەرەکی بەردەوام بێت لەکارەکانی.
داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەم توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن

 

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر ئەمڕۆ چوارشەممە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران بەکارنەهێنن، بەڵکو ئەوانە دەستگیربکەن، کە بەشێک نین لە ناڕەزاییەکان، "پێویستە قەناس بەدەستەکان و ئەوانەی هەڕەشەی کوشتن لە خۆپیشاندەران دەکەن دەستگیربکرێن".

سەدر داواش لە خۆپیشاندەرانی عیراق دەکات ئەوانەی پشتیوانی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکەن و لە پشتی کۆمپیوتەرەکانیان وەبەرهێنان بۆ سیاسیەتی ئەمریکی دەکەن لە ریزەکانیان دوربخەنەوە.
 پێویستە گەل باوەڕ بە بەڵێنەکان پەرلەمان نەکات ئەگەر وادەیەکی دیاریکراوی بۆ چارەسەرکردنی کێشە دیارینەکرد

 

رابەری رەوتی سەدر باسی لەوەشکردوە، "ئێستا کاتێکی گرنگە بۆ راماڵین و داماڵین (زارەوەیەکە بە واتای لەناوبردنی شتێک بە جۆرێک هیچ ئاواسەرێکی نەمێنێت)، ئەویش بە رێگەیەکی گونجاو بە جۆرێک عێراق نەکەوێتە ناو گێژاو و بۆشاییەوە و پێویستە گەل باوەڕ بە بەڵێنەکان پەرلەمان نەکات ئەگەر وادەیەکی دیاریکراوی بۆ چارەسەرکردنی کێشە دیارینەکرد".
سەدر داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات چاکسازی بنچینەیی بکات و هەندێ یاسا و بڕگەی دەستوری و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت

 

سەدر داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات چاکسازی بنچینەیی بکات و هەندێ یاسا و بڕگەی دەستوری و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بگۆڕێت، ئەگەر ئەوەش نەکات بونی پەرلەمان مانایەکی نامێنێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP