ماكرۆن: سیاسەتی نێودەوڵەتی لە قەیراندایەو پێویستە هاوپەیمانی نوێ پێكبهێنرێت

- 11/12/2019 9:49:00 PM 4576 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ سێشەممە، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆك كۆماری فەرەنسا تەئكیدیكردەوە، سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی لە قەیرانێكدا كە پێشتر هاوشێوەی نەبوە و داواشیكرد هاوپەیمانی نوێ پێكبهێنرێت بۆ چارەسەركردنی پرسە جیهانییەكان.

ئەمڕۆ، سەرۆكی فەرەنسا لە كاتی كردنەوەی مونتەدای دوەمی پاریس لە پێناو ئاشتی كە خۆی لە ساڵی رابردودا بنیاتی ناوە رایگەیاند،"سیاسەتی نێودەوڵەتی لەئێستادا لە قەیرانێكدایە كە پێشتر هاوشێوەی نەبوە"داواشیكردوە، رێگەی نوێ بۆ هاوكاریكردن و هاوپەیمانی نوێ پێكبهێنرێت، بۆ دەربازبون لەو قەیرانە".

سەرۆكی فەرەنسا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بەو هەڵوێستی نەتەوە یەكگرتوەكان و بە "ئیفلیج" ناوی بردوە، وتوشیەتی،"ئەو دامەزراوە سیاسی و داراییە جیهانیانەی كە لە پاش جەنگی دوەمی جیهانیوە بەشێوەیەكی باش كاریان كردوە، ئەمڕۆ لە قەیراندان".

وتوشیەتی،"ئەو سیستمە بۆ ماوەی 70 ساڵ سیستمێكی بەرزو جوان بو، بەڵام ئێستا رێگەی داوە بە دەركەوتنی بابەتی جیاوازی نوێ".

سەبارەت بە وتەكانی پێشوتری كە تایبەت بە هاوپەیمانی ناتو كردبوی رایگەیاند،"بەبۆچونی من دۆخەكە پێویستی بە راستگۆیی هەیە، گرنگە بەراستگۆیی بدوێین، نەدركاندنی راستیەكان و دورویی لە ئێستادا كارێكی باش نییە، چونكە هاونیشتیمانییەكانمان راستیەكان دەزانن، بێ هەڵوێستی چارەسەر نیە بۆ دۆخەكە".

سەرۆكی فەرەنسا تەئكیدیكردەوە لەوەی كە هەوڵ دەدات رێگری بكات لە دابەشبونی جیهان بەسەر دو هێزی گەورەدا، كە بریتین لە هەریەك لە ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و چین، هۆشداریشی داوە كە دابەشبون لە نێوان هەندێك هێزی گەورەو هەژمونداردا، كێشەو بێهیوایی دروست دەكات و نابێت بۆ ماوەیەكی درێژ ئەو دابەشكارییە بەردەوامی هەبێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP