هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

عادل عەبدولمەهدی دواین هەڵوێستی سەبارەت بە دۆخی عێراق راگەیاند

- 11/12/2019 9:17:00 PM 12280 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نوێترین وتاریدا كە ئەمشەو پێشكەشی كرد رایگەیاند،"ئێمە پێویستیمان بە هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق و دەستور هەیە".

سەرۆكوەزیرانی عێراق وتیشی،"قەیرانی ئێستای عێراق پەیوەندیدارنیە بە خزمەتگوزاری گشتییەوە، حكومەتی ئێستا تەمەنی چەند مانگێكە، بەڵام گەندەڵی تەمەنێكی زۆری لە عێراق هەیە".

راشیگەیاند،"حكومەتی ئێستا روبەروی كێشە هەڵئاوساوەكانی پێش خۆی بوەتەوە، كەڵەكەبونی گەندەڵی گەورە بەهۆی سیاسەتی خراپی نەوتەوە بوە، گەندەڵی مەلەفی سەرەكی عێراقە و پێویستە چارەسەر بكرێت".

سەبارەت بەو قوربانیانەی لە خۆپیشاندانەكانی عێراق كەوتوەتەوە وتی،"ئێمە بەداخەوەین بۆ ئەو كوژراوانەی لە ناو خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كەوتوەتەوە، بەڵام ئێمە روبەروی خۆپیشاندەران نەبوینەوە، بەڵكو روبەروی ئەوانە بوینەوە كە روبەروی هێزە ئەمنیەكان بونەتەوە"

راشیگەیاند،"پێویستە خۆپیشاندان لە چوار كاتژمێر زیاتر نەخایەنێت و خۆپیشاندانەكان بە رێگەپێدانی وەزارەتی ناوخۆ و بەشێوەیەكی ئاشتیانە بەڕێوە بچێت"

هۆشداریشی دایە گرژییەكانی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و وتی "شیكارییەكان دەڵێن، عێراق چۆتە ناو ململانێی شیعە و شیعەوە".

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP