ترەمپ و ماکرۆن جەختیان لەسەر هەماهەنگی هەردولا لەبارەی پرسی سوریا کردەوە

- 11/12/2019 8:15:00 PM 2897 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-


دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و یمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا و جەختیان لەسەر هەماهەنگی هەردولا لەبارەی پرسی سوریا کردەوە.

بەپێی هەواڵێکی سکای نیوز، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هەریەک لەدۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و یمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و جەختیان لەسەر هەماهەنگی هەردولا لەبارەی پرسی سوریا کردەوە.
نیگەرانی خۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەمدواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕیوە

بەگوێرەی هەواڵەکە، جگە لەتاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی هەردولا، ئەو دو سەرکردەیەی گەورە وڵاتانی رۆژئاوا، نیگەرانی خۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی ئەمدواییەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ زیادکردنی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم دەربڕیوە.

لای خۆشییەوە، سەرچاوەیەک لەکۆشکی سپی بە رۆیتەرزی راگەیاندوە، سەرۆکی فەرەنسا پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە رایگەیاندوە، "تەلەفۆنێکی زۆر بەرهەمداربو ئەنجامی باشی دەبێت." 

سەرەتای ئەم هەفتەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران قۆناغی چوارەمی کەمکردنەوەی پابەندبونی خۆی بەرێککەوتنە ئەتۆمییەکە دەربڕی و رایگەیاند دو ناوەندی دیکەی پیتاندنی یۆرانیۆمیان کردۆتەوە و بەهاوکاری روسیا وێستگەیەکی ئەتۆمیش دروستدەکەن و لەئێستادا قۆناغی یەکەمی وێستگەکە تواوبوە.

ئەم هەنگاوەی ئێران کاردانەوەی جیهانی بەدوادا هات و مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتوەکان گرت سزای سەربازی ئێران بدات و رێگەی مامەڵە بازرگانییەکانی لێبگرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP