کورسى تایبەت بۆ کەسوکارى شەهید و ئەنفالکراوان لە خوێندنى ماستەر و دکتۆرا دابین دەكرێت

- 11/12/2019 7:31:00 PM 1900 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاریدا له‌ كردنه‌وه‌ی خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا کەسوکارى پلە یەکى شەهید و ئەنفالکراوه‌كان كورسی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان بكات، به‌مه‌رجێك هه‌ر كه‌سێك، سەرجەم مەرجەکانى پێشکەشکردنى تێدا بێت و، لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەربچێت، ئه‌و بڕیاره‌ ده‌یانگرێته‌وه‌.

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى كۆبوەوە و بڕیاریدا، کەسوکارى پلەیەکى شەهید و ئەنفالکراوه‌كان (هاوسه‌ر، كوڕ و كچ)،‌ ئەگەر سەرجەم مەرجەکانى پێشکەشکردنى خوێندنى ماستەر و دکتۆراى تێدا بێت و، لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەربچێت، لەسەر و پلانى وەرگرتن کورسى خوێندنى تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێت.

وەزیری خوێندنی باڵا ڕایگەیاند: خزمەتکردن و ڕێزگرتن لە بنەماڵه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوه‌كان ئەرکێکى گرنگ و پڕ شانازییە ئەگەر بتوانین خزمەتیان بکەین.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، چەند بابەت و تەوەرێکى دیکەى پەیوەست بە بوارى زانستى و خوێندکاران و کارگێڕى له‌ زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و، بڕیاری پێویستیان له‌سه‌ر درا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP