لاڤرۆڤ: واشنتن هەوڵدەدات نیمچە دەوڵەتێک بۆ كوردەكان لە رۆژهەڵاتی فورات دروستبکات

- 11/12/2019 6:19:00 PM 2624 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەوڵ بۆ جیاکردنەوەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەدات و دەیەوێت دەسەڵاتێکی نیمچە دەوڵەتی بۆ كوردەكان تیادا دروستبکات.
ئەمریکا بە پشتبەستن بە هەسەدە دەیەوێت دەسەڵاتێکی نیمچە دەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی فورات بۆ پاراستنی کوردەکانی رۆژئاڤا و کەمایەتیە نەتەوایەتیەکانی دیکەی ئەو ناوچانە دروستبكات

 

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لەمیانەی کۆبونەوەی ئاشتی لە پاریس رایگەیاند،"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) دەیەوێت دەسەڵاتێکی نیمچە دەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی فورات بۆ پاراستنی کوردەکانی رۆژئاڤا و کەمایەتیە نەتەوایەتیەکانی دیکەی ئەو ناوچانە دروستبكات".

واشنتن ویستی خۆی ناشارێتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتیەکانی ئەو ناوچەیە، داوای لە وڵاتانی کەنداویش کردوە، کە وەبەرهێنان بکەن لەو ناوچەیەدا

 

وتیشی، واشنتن ویستی خۆی ناشارێتەوە لە کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتیەکانی ئەو ناوچەیە، داوای لە وڵاتانی کەنداویش کردوە، کە وەبەرهێنان بکەن لەو ناوچەیەدا.

روسیا داوا لەحکومەتی سوریا و هەمو لایەنەکان دەکات هەماهەنگ بن لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری سوریا و ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەی ئارام

 

ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا داوا لەحکومەتی سوریا و هەمو لایەنەکان دەکات هەماهەنگ بن لە بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری سوریا و ئاسانکاری بکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەی ئارام و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ ناوچەکە.

8ی ئەم مانگە جۆناسان هۆفمان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا راگەیاند: "تەواوی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە سوریا بە فەرمانی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات جێبەجێدەکرێن، هەوڵەکانی ئێمە لە ناوچەکەدا بۆ رێگەگرتن لەکۆنتڕۆڵکردنەوەی بیرە نەوتەکانە لەلایەن داعشەوە و هێشتنەوەی بیرەنەوتەکان لە شوێنێک کە هەسەدە بتوانێت بەکاریان بهێنێت بۆ دەستکەوتنی پارە بۆ هەوڵەکانی دژی داعش".

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەیدا لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی کشاندەوە،لە کۆتایی مانگی رابردو  چەند هێزێکی دیکەی ئەمریکا بەچەکی قورسەوە بەرەو رۆژئاوای کوردستان رۆشتن بۆ پاراستنی بیرەنەوتەکان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP