ئەردۆگان: لەسەردانەكەم بۆ ئەمریكا باسی مەزلوم عەبدی و فەتحولا گولەن دەكەم

- 11/12/2019 6:11:00 PM 4286 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان، سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، لەسەردانەكەم بۆ ئەمریكا و كۆبونەوەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، باسی مەزلوم عەبدی  و فەتحولا گولەن دەكەم.
له‌ چوارچێوەی سه‌ردانه‌كه‌مدا بۆ ئه‌مریكا به‌ به‌ڵگه‌ ده‌یخه‌مەڕو كه‌ فه‌رهاد عه‌بدی شاهین تیرۆریستێكه‌ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵه‌یه‌

 

پێش بەڕێكەوتنی بۆ ئەمریكا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغا لە ئه‌نقه‌ره‌، لێدوانی بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی داو رایگەیاند،''له‌ چوارچێوەی سه‌ردانه‌كه‌مدا بۆ ئه‌مریكا به‌ به‌ڵگه‌ ده‌یخه‌مەڕو كه‌ فه‌رهاد عه‌بدی شاهین تیرۆریستێكه‌ و گفتوگۆ له‌گه‌ڵیدا هه‌ڵه‌یه‌''.

ئەردۆگان وتیشی،"ده‌مانه‌وێت قۆناغێكی نوێ ده‌ستپێبكه‌ین له‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ ئاسایشی هه‌ردو وڵات. نه‌ روسیا نه‌ ئه‌مریكا هێزە كوردییەكانیان لە ناوچەكە ده‌رنه‌كرد. ئه‌وانه‌ له‌گه‌ڵ تره‌مپ باس ده‌كه‌م و، كه‌ گه‌ڕاشمه‌وه‌ به‌ ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ پوتین باسی ده‌كه‌م''.

ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ره‌وانه‌كردنی ئەو داعشانە، جا وه‌ریگرنه‌وه‌ یان نا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌. ئه‌م ده‌رگایانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌

 

سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی گەڕاندنەوەی بە زۆری داعشەكان كرد بۆ وڵاتەكانیان و وتی،"ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ ره‌وانه‌كردنی ئەو داعشانە، جا وه‌ریگرنه‌وه‌ یان نا ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئێمه‌وه‌ نییه‌. ئه‌م ده‌رگایانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌. ده‌ستكراوه‌ به‌ ره‌وانه‌كردنه‌وه‌یان، ئه‌م داعشانه‌ بۆ ئێوه‌. خۆتان چاره‌سەری خۆتان بكه‌ن''

تا ئه‌مڕۆ زۆر هه‌نگاومان گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌ری تیرۆره‌كه‌ی پانسیلڤانیا

 

باسی لەوەشكرد، هەر لە سەردانەكەمدا له‌باره‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی فه‌تحوڵڵا گوله‌نه‌وه‌ قسە لەگەڵ ترەمپ دەكەم و وتی،''تا ئه‌مڕۆ زۆر هه‌نگاومان گرتوه‌ته‌به‌ر بۆ راده‌ستكردنه‌وه‌ی سه‌ری تیرۆره‌كه‌ی پانسیلڤانیا و، به‌رده‌وامیش ده‌بین. پێداگرین له‌سه‌ر به‌دواداچونی كوده‌تاچییه‌كان تا هه‌مویان له‌به‌رده‌م دادگا لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. بابه‌تی فه‌تۆ له‌ باڵاترین ریزبه‌ندی ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌ كه‌ تاوتوێی ده‌كه‌ین''.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP