ئەحمەدی حاجی رەشید: هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی هێندەی تر باری سەرشانی حکومەت قورس دەکات

- 11/12/2019 5:27:00 PM 13722 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،"هەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی هێندەی تر باری سەرشانی حکومەت قورس دەکات".

لە پۆستێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، ئەحمەدی حاجی رەشید نوسیویەتی،"ئەنجومەنی وەزیران بەپەلە یاسای هەمواری خانەنشینی ژمارە(9) ساڵی 2014ی ناردوە بۆ پەرلەمان بۆ هەموارکردنی،و لەڕێگەی ئەم هەموارەوە دەیانەوێت ژمارەیەک پلەی وەزیفی و دامەزراندن زیادبکەن، بەڵکو توڕەیی جەماوەرو خەڵک هێورببێتەوەو لە هۆکارەکانی هەمواری ئەم یاسایەدا هاتوە بۆ دۆزینەوەی فرسەتی زیاتری کارکردن، بەبێ ئاگابون لەوەی ئەم هەموارە هێندەی تر باری سەرشانی حکومەت قورس تر دەکات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هۆكارەكانی ئەو بۆچونەی لە هەشت خاڵدا خستوەتەرو نوسیویەتی،"هەمو یاساکان یان هەموارکردنەکان کە لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەنێرێت بۆ پەرلەمان دەبێت بە ئەنجومەنی دەوڵەتدا تێپەرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم یاسایە یان هەموارەکەی ناکۆک نابێت لەگەڵ دەستوری هەمیشەییداو دواجار هەڵچنینی یاسایی گونجاوی بۆ بکرێت، کەدوای پرسیارکردن بۆمان دەرکەوت کە بەئەنجومەنی دەوڵەتدا تێنەپەڕیوە".

دەشڵێت،"ئەم هەموارە بەهیچ شێوەیەک دەستەی گشتی خانەنشین نەیدیوە تا لێژنەی مالی میوانداری بەرپرسی دەستەیان کرد، ئەوەش وادەکات ئەم هەمواری یاسایە زۆر کەموکوڕی لەخۆبگرێت حکومەت نەزانێت تێچونی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە چەندە".

ئاماژەی بەوەشكردوە،"ئەم هەموارە لەدو بڕگەدا تەمەنی خانەنشینی کەمکردوەتەوە بەبێ گوێدانە هیچ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەیەک کەدەرئەنجامەکانی بەرەو چ کارەساتێک دەڕوات:یەکەم، تەمەنی خانەنشینی کەمکردوەتەوە لە63وە بۆ (60) ساڵ بەوەش بەحسابی خۆی نزیکەی (210) هەزار پلەی وەزیفی کە (139) هەزار نێرو (163) هەزار مێینە خانەنشین دەبن شوێنەکانیان بە گەنجانی دەرچوی کۆلێژەکان پڕدەکرێتەوە، لەکاتێکدا ئەو فەرمانبەرانەی ئەم بابەتە دەیانگرێتەوە ژیانی خۆیان لەسەر 63 ساڵ داڕشتوە کردوە و بنەمایەکی یاسایش هەیە کە دەڵێت (العقد شریعة المتعاقدین) کەپێچەوانەیە لەگەڵ ئەم بنەمایەدا".

هەروەها فەرمانبەر بۆی هەیە خۆی خانەنشین بکات بە ویستی خۆی ئەگەر تەمەنی لە (45) ساڵ و خزمەتی (15) ساڵی هەبێت ئەمەش وا دەکات کە (116) هەزار فەرمانبەر دەتوانن ئەو فرسەتە بقۆزنەوە بەحوکمی ئەوەی کەمترین موچەی خانەنشین لە عێراقدا (400) هەزار دینارە بۆ کەسێک کە خێزانی نەبێت و یان (460) هەزارە ئەگەر جگە خۆی دو کەسی تر بەخێو بکات ئەم (116) هەزار فەرمانبەرەش موچەکانیان نزیکە لە (460) هەزار دینار بەبێ ئاگا لەوەی ئەگەر ئەمانە ئەو فرسەتە بقۆزنەوە ئەوا بەحکومی ئەوەی (15)ساڵ خزمەتیان هەیە واتە سیڤیەکی دەوڵەمەندیان هەیە بەواتایەکی دیکە بڕی (460) هەزار لە حکومەت وەردەگرن و دەشچن لە کەرتی تایبەت کارێک دەدۆزنەوە، چونکە تائەمان وەستابن کەرتی تایبەت ناچێت خەڵکی بێ ئەزمون بخاتەگەڕ بۆ کارکردن واتە موچەیەک لە حکومەت وەردەگرن و فرسەتی کەسێکی تازە دەرچوش دەگرن و بێکارێکیش بۆ حکومەت زیاد دەکەن کە خۆپیشاندانی لەدژ بکات".

لە درێژەی هۆكارەكاندا نوسیویەتی،"بۆ مەبەستی ئەم هەموارەی کە بڕیاریان داوە تێی پەڕێنن لێژنەیەکی (9) کەسیان پێکهێنا (6) ئەندامی لێژنەی دارایی و (3) ئەندامی لێژنەی یاسایی کە لەسەر پێشنیاری جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان (حسن الکعبی و سەرۆکی لێژنەی دارایی هەیثەم الجوری) بو بۆ دوا بڕیاری هەردو لێژنە".

ئەوەشی خستۆتەرو،"گرفتی سەرەکی ئەم هەموارە ئەوەیە لە کوێ پارە بەدەست دەهێنن بۆ تازە دامەزراندن، لە کاتێکدا بە ئامادەبونی زۆرینەی لێژنەی دارایی و لێژنەی یاسایی و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسی خانەنشینی گشتی ئەم پرسیارەم ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی (طیف سامی) کرد کە خەرجیە پێویسەکان کە دەبێت بدرێت بۆ حساب بکە لە خەمڵاندنی داهاتی گشتی کە بەشێک لە خەرجیە گشتیە پێویستەکان بڕی زیاتر لە (98) ترلیۆنە بەرانبەر (84) ترلیۆن داهات کە عێراق هیچ نەکات لەوەبەرهێنان شتی تر بڕی (14) ترلیۆن کورتهێنانی دەبێت".

ئەحمەدی حاجی رەشید دەڵێت،"گرفتێکی تر کەتا ئێستا باس ناکرێت ئەوەیە کە ئایا ئەم دامەزراندنە تەنها بۆ ئەو ناوچانەن کەخۆپیشاندانیان کردوە یان بۆ هەمو عێراقە و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".

باسی لەوەشكردوە،"یەکێک لەمەسجە هەڵەکان کە ئەم هەموارە و ئەم دامەزراندنە دەیدات ئەوەیە تا خۆپیشاندان نەکەیت مافت نابێت. خۆئەگەر دەمەزراندن تەنها لە ناوەڕاست و خواروی عێراق بکرێت ئەوا باڵانسی پلەی وەزیفی تێک دەچێت کەئەمەش گرفتێکی دیکەیە".

لە كۆتایشدا رایگەیاندوە،"پێموتن کەواتە پێم بڵێن لە کوێ پارە دابین دەکەن بۆ فەرمانبەرە تازە دامەزراوەکان، خۆ ئەگەر نەوت یەک دۆلار دابەزیت (1) ترلیۆن و نیو کورتهێنان زیاد دەبێت بۆیە من قەناعەتم بەمجۆرە لە چاکسازی نیە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP