خەندان ناوی پاڵێوراوەکان بڵاودەکاتەوە
بزوتنەوەی گۆڕان پاڵێوراوانی خۆی بۆ بریکاری وەزارەتەکان یەکلایی دەکاتەوە

- 11/12/2019 1:28:00 PM 15753 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بزوتنەوەی گۆڕان پاڵێوراوەکانی خۆی بۆ بریکاری وەزارەتەکانی ناوخۆ، شارەوانی، کارەبا و پەروەردە یەکلایی دەکاتەوە و دوای یەکلابونەوەی کاندیدەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش ئەنجومەنی وەزیران بەیەکەوە مەرسومی دەستبەکاربونیان بۆ دەردەکات.

بە گوێرەی زانیارییەکانی خەندان کە لە سەرچاوەیەکی ناو بزوتنەوەی گۆڕان دەستی کەوتوە، "بزوتنەوەی گۆڕان چوار ناوی بۆ پۆستی بریکاری چوار وەزارەت لە کابینەی نۆیەمی حکومەت یەکلاکردوەتەوە"، کە ئەوانیش مستەفا سەلیم بۆ بریکاری وەزارەتی ناوخۆ، سەیوان عەلی بۆ بریکاری وەزارەتی پەروەردە.

بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بزوتنەوەی گۆڕان چالاکی موهەندیسی کاندید کردوە و کامیل قەزازیش بۆ پۆستی وەزارەتی کارەبا پاڵێوراوە.

لەبارەی یەکلابونەوەی ناوی کاندیدی گۆڕان بۆ ئەو پۆستانەش سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان بە خەندان-ی راگەیاند، ،ئەو ناوانە تائێستاش بە تەواوی یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام کاندیدی بەهێزی گۆڕانن بۆ پۆستی بریکاری وەزارەتەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش کاندیدەکانی خۆی پۆستی بریکاری وەزارەتەکان یەکلایی کردەوە ناوەکانیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، بۆ ئەوەی مەرسومی دەستبەکاربونیان بۆ دەربکرێت.

پێشتر بۆ یەکلایکردنەوەی ناوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکە دەسەڵاتی دیاریکردنی کاندیدەکانی دایە عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی گۆڕان.

بزوتنەوەی گۆڕان بە چوار وەزیر و جێگرێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشدارە لە حکومەتی هەرێمدا، بڕیاریشە یاریدەدەرێکی سەرۆکی حکومەت و زیاتر لە 68 پۆست لە بەڕێوەبەری گشتی، بریکار و راوێژکاری وەزارەت لە حکومەتدا وەربگرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP