كارگه‌یه‌كی ریسایكلین لە سلێمانی داخرا

- 11/12/2019 1:00:00 PM 3686 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌هۆی هه‌بونی بڕێكی زۆر پاشماوه‌ی زیانبه‌خش له‌ناو كارگه‌كه‌یدا، و پابه‌ندنه‌بونی به‌ مه‌رجه‌ ژینگه‌ییه‌كان لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی كارگه‌یه‌كی ریسایكلین داده‌خات تائه‌و كاته‌ی سه‌رجه‌م مه‌رجه‌كان جێبه‌‌جێ ده‌كات.

تابان محه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ژینگه‌ی سه‌ر به‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، به‌هۆی پابه‌ندنه‌بونی به‌مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن و پیسكردنی ژینگه‌، لیژنه‌كان كارگه‌ی فرات له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی داده‌خات.

ئاماژەی بەوەشکرد، كۆبونه‌وه‌ی بڕێكی زۆر پاشماوه‌ی خۆڵ و هه‌بونی خاشاكی زۆر له‌به‌رده‌م كارگه‌ و سه‌رشه‌قامه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ یه‌كێك له‌ سه‌رپێچییه‌كانی كارگه‌ی فراته‌ و چه‌ندجارێك ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ به‌لابردنی ئه‌وخۆڵ خاشاكه‌ به‌ڵام پابه‌ندنه‌بوه‌.

تابان محه‌مه‌د وتیشی، به‌پێی رێنماییه‌كانی كاركردن له‌كاتی مۆڵه‌ت پێدان به‌كارگه‌كان، رواندنی دره‌خت و چاندنی رێژه‌یه‌ك سه‌وزایی ده‌كرێت به‌مه‌رج به‌سه‌ریه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ پابه‌ندبێت پێوه‌ی، به‌ڵام كارگه‌ی فرات سه‌رپێچی كردووه‌.

رونیشیکردەوە، نه‌بونی یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ئاوه‌ڕۆی كارگه‌كه‌، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ سه‌رپێچییه‌كان بۆیه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر پسوڵه‌ی سه‌رپێچی و دواتر سزای دارایی دراوه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام بوه‌ له‌سه‌ر جێبه‌جێ نه‌كردنی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن.

لیژنه‌ی ژینگه‌، یه‌كێكه‌ له‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قایمقامیه‌تی سلێمانی، رۆژانه‌ سه‌ردانی ئه‌و كارگه‌ و شوێنكارانه‌ ده‌كات به‌دوكه‌ڵ و ده‌نگی به‌رز ژاوه‌ژاو و به‌پاشه‌ڕۆكانی مه‌ترسی پیسبونی ژینگه‌ی دروستبكات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP