هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

نێچیرڤان بارزانی: پێشمەرگە قەڵغانی پاراستنی کوردستان بێت نەک حزب و لایەنەکان

- 11/12/2019 12:50:00 PM 1854 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە جێگەی ئەوەی ببێتە ‌هێزی حزب و لایەنەکان، دەبێت قەڵغانی پاراستنی کوردستان و دەستکەوتی گەلەکەی بێت و لە ئاستی ئەو هەڕەشانەدا بێت کە روبەڕوی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداربونی لە خولی دەرچوانی ئەفسەرانی پێشمەرگە لە ئەکادیمیای زاخۆ باسی لەوەشكرد، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە کرداری دەستی بە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هیزی پێشمەرگە کردوە و هێزەکانی هاوپەیمانانیش لەو ئامانجەدا هاوکاریان دەبن.
کاتی ئەوەیە کەم کورییەکان دەستنیشان بکەن و بە جورئەتەوە کار بۆ سەرکخستنی چاکسازی  لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بکەن

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتی ئەوەیە کەم کورییەکان دەستنیشان بکەن و بە جورئەتەوە کار بۆ سەرکخستنی چاکسازی  لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بکەن و  یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کە داواکاری هەمو لایەنەکانە بە ئەنجام بگەیەنن، لە پێناوەشدا دەتوانن هەمو بەربەستەکان تێپەرێنن.
گەشەپێدانی بەردەوام بە توانا مرۆییەکان گرنگترین مەرج و پێداویستی پێشکەوتن و پەرەپێدانە لە هەر سێکتەرێکدا

 

سەرۆکی هەرێم کوردستان باسی لەوەشکرد، گەشەپێدانی بەردەوام بە توانا مرۆییەکان گرنگترین مەرج و پێداویستی پێشکەوتن و پەرەپێدانە لە هەر سێکتەرێکدا و زانستی سەربازییش وەک هەر زانستێکی دیکە پاشخان و بنەمای زانستی خۆی هەیە و هاوشانی پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و کەرەستەی جەنگی، بە بەردەوام لە پێشکەوتن و نوێبوونەوەدایە، خولی پێگەیاندن و فێربوونی بەردەوام پێویستییەکی گرنگە بۆ هەمو ئەفسەران و هێزە چەکدارەکان لە هەرێمی کوردستاندا.
 پەروەردەکردن و پێگەیاندن لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری، مرۆڤدۆستی و هەست بە بەرپرسیارییەتیکردن، جەنگاوەری خاوەن بیروباوەڕ و بەرگریکاری خاوەن ئیرادە لە ماف و بەها نیشتمانییەکان بەرهەمدەهێنێت

 

ئەوەشی خستەڕو، پەروەردەکردن و پێگەیاندن لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری، مرۆڤدۆستی و هەست بە بەرپرسیارییەتیکردن، جەنگاوەری خاوەن بیروباوەڕ و بەرگریکاری خاوەن ئیرادە لە ماف و بەها نیشتمانییەکان بەرهەمدەهێنێت.

ئەمڕۆ راگەیەندنی کۆلێژی سەربازی دو- ئەکادیمیای سەربازی زاخۆ رایگەیاند، ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسوکاری دەرچوان، 233 ئەفسەری پێشمەرگە دەردەچن و لە چوارچیوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەرکیان پێدەسپێردرێت.
ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی پێشمەرگە لەو کەسانە پێکهاتون، کە پێشوتر خاوەن بڕوانامەی مەدەنی بون و ماوەی نۆ مانگ راهێنانی تیۆری و پراکتیکیان پێکراوە

 

ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی پێشمەرگە لەو کەسانە پێکهاتون، کە پێشوتر خاوەن بڕوانامەی مەدەنی بون و ماوەی نۆ مانگ راهێنانی تیۆری و پراکتیکیان پێکراوە.

هاوکات لە ماوەی دامەزراندنیدا کۆلێژی سەبارزی دو- ئەکادیمیای سەربازی زاخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راهێنانی بە زیاتر لە حەوت هەزار پێشمەرگە کردوە.

ئەکادیمیای سەربازی زاخۆ یەکێکە لە ئەکادیمیە پێشکەوتوەکان لەسەر ئاستی عێراق و لە روی ئیداری و دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەوە سەر بە حکومەتی عێراقە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP