دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیارێکی لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەرکرد

- 11/12/2019 11:20:00 AM 100257 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا چەند بڕگەیەكی یاسای ھەڵبژاردنەكان لە بەرژەوەندی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ھەموار بكرێتەوە.
بڕیاردرا دو بڕگەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھەموار بكرێنەوە كە رێگری دەكرد لە دەنگدانی ئەو ھاوڵاتیانەی لە ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بونە و لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن

 

دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ بەکۆی دەنگی هەشت دادوەر لەکۆی نۆ دادوەر بڕیاردرا دو بڕگەی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ھەموار بكرێنەوە كە رێگری دەكرد لە دەنگدانی ئەو ھاوڵاتیانەی لە ناوچە كوردستانییەكان ئاوارە بونە و لە ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن.
له‌گه‌ڵ ده‌رچونی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ژماره‌یه‌ك تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌بو

 

جوان رۆژبه‌یانی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ ده‌رچونی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق ژماره‌یه‌ك تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه‌ هه‌بو، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك هاوڵاتیانی كورد له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌ش ده‌بون، بۆیه‌ وه‌كو لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان تانه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ له‌ دادگای ئیتیحادی باڵا عێراق گرت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌ به‌ زیانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان و به‌ زیانی كورد ده‌شكێته‌وه‌ و چه‌ند مادده‌ و بڕگه‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستور بون و ده‌قه‌كانی ده‌ستور له‌گه‌ڵی هاوته‌ریب نه‌بون، بۆیه‌ تانه‌مان له‌و یاسایه‌ گرت".
دادگا بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماده‌كانی 12 و 16 و 17 یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق

 

رۆژبه‌یانی باسی لەوەشکرد، "دادگای فیدڕاڵی ئه‌مڕۆی به‌ رۆژی داوای تانه‌كه‌ی ئێمه‌ی دیاریكردبو، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ دادگا براوه‌ی تانه‌كه‌ بوین، دادگا بڕیاریدا به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماده‌كانی 12 و 16 و 17 یاسایه‌كه‌، له‌كۆی نۆ دادوه‌ر هەشت دادوه‌ر له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تانه‌كه‌ی ئێمه‌ دەنگیاندا".

رونیشیکردەوە، "ئه‌و سێ مادده‌یه‌ی هه‌ڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌ بریتین له‌ ماده‌كانی 12 و 16 و 17، مادده‌ی 12 باسی فۆڕمی خۆراك و ناوی ده‌نگده‌ران دەکات، ئه‌گه‌ر موتابق نه‌بون دەنگدەر ناتوانێت ده‌نگ بدات، مادده‌ی 16 باسی له‌ ئاواره‌كان كردبو ئه‌گه‌ر له‌ ناو پارێزگای خۆی نه‌بون ناتوانن ده‌نگ بده‌ن، مادده‌ی 17ش ده‌بێت به‌ ناچاری ده‌نگ بدرێت ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP