بە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ كلیپێك، كازم ساهر پەیام بۆ "گەنجانی عێراق" دەنێرێت

- 11/11/2019 10:34:00 PM 13574 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هونەرمەندی دیار و بەناوبانگی عێراقی، كازم ساهر لە رێگەی بڵاوكردنەوەی كلیپێكەوە كە چوار ساڵ لەمەوبەر دیمەنەكانی تۆماركراوە، پەیامێك ئاراستەی "گەنجانی عێراق" دەكات، چالاكوانانیش ئەو كارە دەبەستنەوە بە دۆخی ئێستای عێراقەوە.

كازم ساهیر، ئاوازدانەر و هونەرمەندی گۆرانیبێژی دیاری عێراق و وڵاتانی عەرەبی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بە سەرلەنوێ بڵاوكردنەوەی  ڤیدیۆ كلیپی گۆرانی "گەنجانی عێراق" هاوپێچ لەگەڵ بەشێك لە تێكستی گۆرانیەكە، پەیامێكی بۆ گەنجانی عێراق بڵاوكردەوە.

باس لە بونی هیوا بە گەنجانی عێراق دەكات و دەڵێـت "گەنجانی عێراق هێزی كار و شۆڕشن"

ئەو بەشە لە تێكستی گۆرانیەكە، كە كازم هاوپێچ لەگەڵ ڤیدیۆكەدا دایناوە باس لە بونی هیوا بە گەنجانی عێراق دەكات و دەڵێـت "گەنجانی عێراق هێزی كار و شۆڕشن، پاڵەوانن و باڵێكی فراوانیان هەیە بۆ سەرخستنی وڵات، هیوای گەورەمان لەسەر ئەو گەنجانە داناوە".

 ئەو بڵاوكراوەیەی كازم ساهر-یان بە دۆخی ئێستای عێراق و پشتگیریكردنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەیەوە بەستوەتەوە


چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، ئەو بڵاوكراوەیەی كازم ساهر-یان بە دۆخی ئێستای عێراق و پشتگیریكردنی خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەیەوە بەستوەتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا میوزیك و ئاوازێكی شۆڕشگێڕانەی هەیە كە هاوشێوەی مارش-ە و ئاوازێكی یەكانگیرە.

 

نزیكەی دو مانگە، خۆپیشاندانێكی بەرفراوان شار و شارۆچكەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراقی گرتوەتەوە و لە ئەنجامی پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنیەكان و خۆپیشاندەراندا سەدان كوژراو و هەزاران برینداری لە هەردولا لێكەوتوەتەوە، تا ئێستاش خۆپیشاندانەكان بە هەمان گوڕ و بە داواكاری بۆ لێپێچنەوە لە گەندەڵیەكان بەردەوامی بەردەوامە.

كازم ساهر، هونەرمەندی بەناوبانگی عێراقە و لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بە "قەیسەر" بەناوبانگە، ساڵی 1957 لە موسڵ لەدایكبوە، بەڵام خەڵكی سامەڕایە، هەڵگری رەگەزنامەی قەتەری و كەنەدی-ە و ملیۆنان هەواداری لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP