بەپەلە

"پاککردنەوە نەبێت لەوە خراپتر دەبێت کە ئێستا هەیە"
وێنە و ڤیدیۆ..زانکۆی سلێمانی بەدەست قەیرانی ژینگەییەوە دەناڵێنێت

- 11/11/2019 9:17:00 PM 4555 جار خوێندراوەتەوە

  1. خەندان-ئاکام محەمەد 

    زانکۆی سلێمانی لە ئێستادا بەگشت بەش و دامەزاوەکانیەوە بەدەست قەیرانێکی قوڵی ژینگەیەوە دەناڵێنێت، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیش دەلێت" زانکۆ کەمتەرخەم نیە و  پاککردنەوە نەبێت لەوە خراپتر دەبێت کە ئێستا هەیە".

    لەچەند بەڵگەیەکی وێنەی و ڤیدیۆیدا کە بە بە دەزگای میدیایی خەندان گەیشتوە، دەردەکەوێت ژینگەی زانکۆی سلێمانی بەتەواوی پشتگوێ خراوە و د.رەزا حسن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی دەڵێت"ئێمە بەهۆی قەیرانەوە، لە ساڵی 2016ەوە بە فەرمانی وەزارەت ناتوانین گرێبەست لەگەڵ هیچ کۆمپانیایەکی پاکەرەوە ئەنجام بدەین بۆ پاکردنەوەی باخ و باخاتەکانی زانکۆ".
  1.  
  2. سەرۆکی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەبەکارهێنانی باخچە و زۆنەکانی سەوزایی وەک زبڵدان و کەڵەکەکردنی پیسی و پاشەڕۆ لەلایەن خوێندکارەکانەوە وتی"750 دۆنم باخ و سەوزایمان هەیە، بەڵام تەنها 50 باخەوانمان هەیە،  بە نوسراوی فەرمی داوامانکردوە لە حکومەت ژمارەی پاکەرەوەمان بۆ زیاد بکات، پێویستە خوێنکارانیش خۆیان هۆشیار بن".
  1.  
  2. "ئێمە لەگەڵ کۆمپانیای ریسایکل گڕێبەست مان هەیە، چوار جۆر تەنەکە خۆلمان بۆ دابینکردون  بۆ جیاکردنەوەی شوشە، پلاستیک، نایلۆن و جۆرەکانی دیکەی زبڵ،  بەڵام کۆمپانیاکان پەیوەست نین بە گرێبەستەکانیان و کۆیان ناکەنەوە و لایان نابەن" د. رەزا حسێن وای وت.

    لەلایەکی دیکەوە چرۆ شەهاب، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانیش دەڵێت" ژینگەی هەمو ناوچەکە پیسە، ئێمە بەراستی هۆشیاری ژینگەیمان کەمە، لەناوەندێکی ئەکادیمی پێوستیمان بە هۆشیاری زیاتر هەیە"

     سەبارەت بەو رێژە زۆرەی پیسی و کەلەکەبونی لە چوارچێوەی زانکۆیدا وتی"رێژەیەکی زۆر لە خوێندکار و فەرمانبەر لەناو زانکۆی سلێمانیدا هەیە، چەندین کافتریامان هەیە، کافتریای ناوەندیمان هەیە، کافتریای لاوەکیمان هەیە؛ کافتریاکان دەبەی ئاو، شەربەت، دەبەی شیر و  پەرداخی ئاو دەهێنن".

  3.  
  4. بە وتەی چرۆ شەهاب، لەم ماوەی پێشودا بەدواداچونێک کراوە و لە ئێستادا و سەرقاڵی هەڵمەتێکن بۆ پاکردنەوەی زانکۆی سلێمانی بۆ هۆشیارکەدنەوەی خوێندکارەکان.

    "هەفتانە  زیاتر لە  150 هەزار  پارچە پلاستیک دێتە ناو زانکۆی سلێمانی، ئەم ژمارە زۆرە لە پلاستیک لەناو کافتریاکان بەکاردەهێنرێن" بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی وای وت.
     
    وتیشی" ئێستا تەنەکە خۆڵەکان دانراوە بۆ جیاکردنەوەی مقەبا و شوشە و بابەتەکانی دیکە، ماوەتەوە ئەوەی هەماهەنگی بکەین لەگەڵ کارگەکانی ریسایکلین، ئەمانە هەموی لەبەرنامەدایە بۆ ئەوەی چۆن کاربکەین لە ماوەیەکی زۆر کەمدا، بە دڵنیایەوە دەست دەکەین بە ئەنجامدانی کارەکانمان و لەنزیکترین کاتدا دەستبەکار دەبین".

     لە وەڵامی پرسیارێکی خەنداندا سەبارەت بە نەبونی ژمارەی کارگوزار و کارمەندی پاکەرەوەی پێوست لەنا و زانکۆی سلێمانیدا، چرۆ شەهاب وتی" من زانیاریم نیە، نامەوێت زانیاری ناراست بدەم، لە سەرەتادا  کۆمپانیا هەبو لەناو زانکۆی سلێمانی بۆ پاکردنەوەی هەمو زانکۆ، بەڵام بەهۆی کێشەی بودجە و دابیننەکردنی پارە لەلایەن حکومەت دوچاری کێشەی زیاتری ژینگەیی بوین، ئەم کیشەیە لەهەمو دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمدا هەیە و گشتگیرە" .

  5. خەندان سەبارەت بە پشتگوێ خستنی ژینگە و پاکنەکردنەوەی پرسیاری لە چرۆ شەهاب کرد و ناوبراو وتی" رۆژانە پاککردنەوە هەیە، ئەگەر پاککردنەوە نەبێت ئەوا لەوە خراپتر دەبێت کە ئێستا هەیە،  من خۆم رۆژانە  سەیری شوێنەکان دەکەم و بەسەریان دەکەمەوە دەیان بەڵگەی وێنەیم لایە سەتلی خۆڵەکان پڕ بون، بەڵام خوێندکار هەر بەردەوامە لە فرێدانی خۆڵ وپیسی بۆ ناویان و لێیان دەرژێت".

    لە وەلامی سکاڵای شایەتحالێکدا سەبارەت بە پیسی و بۆنی ناخۆشی تەوالێتەکانی سەرجەم بەش و کافتریاکان،  بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی رەتیی کردوە لەو بابەتەدا زانکۆی سلێمانی کەمتەرخەم بێت و وتی" بەهیچ شێوەیەک زانکۆی سلێمانی کەمتەرخەم نیە".
  6.  
  7. چرۆ شەهاب پێشنیازێکی بۆ چارەسەری ئەو بابەتە دیاریکراوە خستەڕو، بەبۆچونی ئەو لە سەر دەرگای تەوالێتەکان بە نوسینی هۆشیارکردنەوە بنوسرێت"چۆن پێت خۆشە بێیتە ئەم تەوالێتە، بەهەمان شێوەش بەکاری بهێنە".
  8.  
  9. دەزگای میدیایی خەندان وەک سپۆنسەری سەرەکی میدیایی رێکخراوی ژینگە دۆستی، لە بەدواداچونە ژینگەییەکانی بەردەوام دەبێت، داوا لە خەمخۆرانی ژینگە دەکات لە کاتی بینینی هەر دیمەنێکی هاوشێوەدا لە دامودەزگاکانی  دیکەی حکومەتدا، بەڵگەی وێنە و ڤیدیۆی بۆ پەیجی خەندان بنێرن بۆ بەدواداچون و ئاراستەکردنی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بەمەبەستی چارەسەرکردنیان.