بەپەلە

خەندان ریزبەندی دەوڵەمەندترین وڵاتانی یەدەگی نەوتی بڵاودەکاتەوە

- 11/11/2019 4:29:00 PM 14357 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، وڵاتەکەی کێڵگەیەکی نەوتی گەورەی لە پارێزگای خوزستانی باشوری رۆژئاوای ئێران دۆزیوەتەوە، کە یەدەگی نەوتەکەی بە 53 ملیار بەرمیل مەزەندە دەکرێت.

حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە وتارێکدا لەبەردەم لایەنگرانیدا ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو کێڵگە نەوتییەی دۆزراوەتەوە روبەرەکەی دو هەزار و  400 کیلۆمەتر دوجایە و 80 مەتر قوڵییەکەیەتی، بەوەش ئێران لەریزبەندی وڵاتانی خاوەن یەدەگی گەورەی نەوتی دەچێتە پێشەوە، بەڵام هێشتا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی نییە لەجیهاندا.


بە گوێرەی رێکخراوەکانی بواری وزەی جیهانی، ئەمانە دەوڵەمەنترین وڵاتی جیهانن لە روی یەدەگی نەوتیەوە :

ڤەنزوێلا 
یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا 303 ملیار بەرمیلە، ئەوەش واتای ئەوەیە %18 کۆی نەوتی جیهان لەو وڵاتەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا کە ڤەنزوێلا دەوڵەمەندە بە بونی یەدەگێکی گەورەی نەوت، بەڵام خەڵکەکەی لە قەیرانێکی سەختی ئابوریدا دەژین.

نەوت %90ی کۆی هەناردەی ڤەنزوێلا پێکدەهێنێت و لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا  بەهۆی قەیرانە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و ئابلوقە خستنەسەر ئەو کەرتی ئابوری، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ %22 دابەزیوە.

سعودیە
رێژی نەوتی یەدەگی وڵاتی سعودیە بە 266 ملیار بەرمیل دەخەمڵێنرێت و %15.7ی نەوتی جیهان کەوتوەتە ئەو وڵاتەوە، ریاز لەساڵی 2017ەوە رۆژانە 12 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لەسەر ئاستی جیهان دوەم گەورەترین یەدەگی نەوتی هەیە.

کەنەدا
یەدەگی نەوتی کەنەدا 169 ملیار بەرمیلە و %10ی کۆی نەوتی یەدەگی جیهان کەوتوەتە ناو ئەو وڵاتەوە، هەناردەکردنی نەوت تەنها %20ی هەناردەی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت کە دەکاتە ساڵانە 377 ملیار دۆلار، کەنەدا رۆژانە 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بەردەهەمدەهێنێت.

ئێران 
نەوتی یەدەگی ئێران بە 157 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت و %9.3ی کۆی نەوتی جیهان لە وڵاتەدا هەڵکەتوە، ئەگەر ئەو راگەیەنراوەی سەرۆکی ئێران بسەلمێنرێت ئەوا ئێران دەبێتە سێیەم گەورەترین وڵاتی جیهان لە روی یەدەگی نەوتییەوە دوای ڤەنزوێلا و سعودیە.

لە ئێستا حکومەتی ئێران روبەروی قەیرانێکی سەختی ئابوری بوەتەوە و ئەمریکا سزای قورسی ئەو وڵاتەی داوە، ئەوەش وایکردوە لە ساڵی 2017ەوە رۆژانە کەمتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل هەناردەی دەرەوەی بکات.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی بواری وزە ریزبەندی وڵاتانی دیکەش بەم شێوەیەیە، عێراق یەدەگی نەوتی 148.8 ملیار بەرمیل، روسیا 106 ملیار بەرمیل، کوێت 101.5 ملیار بەرمیل.

ئەمریکاش 50 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی هەیە  و بە بەرهەمهێنانی رۆژانە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت، بوەتە یەکەمین وڵاتی بەرهەهێنی نەوت لەسەر ئاستی جیهان، لە کاتێکدا یەدەگی نەوتی ئەم وڵاتە کەمترە لە سەدا 3ی نەوتی جیهان.

لیبیاش لەسەر ئاستی کیشوەری ئەفریقا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتییە کە بە 48 ملیار بەرمیل خەمڵێنراوە و %2.9ی نەوتی جیهنا لەو وڵاتەدایە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP