بەپەلە

دۆناڵد ترەمپ نامەیەکی دیکە ئاڕاستەی ئەردۆگان دەکات

- 11/11/2019 3:25:00 PM 49218 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا نامەیەکی دیکە ئاڕاستەی رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات و هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر وڵاتەکەیدا دەکات لە ئەگەری کڕینی سیستمی بەرگری S400 دا.

چەند سەرچاوەیەکی تایبەت بە میدڵ ئیست ئای-یان راگەیاندوە، ‌هەفتەی رابردو دۆناڵد ترەمپ، هاوتا تورکەکەی ئاگادارکردوەتەوە کە لە ئەگەری دەستبەردارنەبونی ئەنقەرە لە كڕینی سیستمی بەرگری S-400 لە مۆسکۆ، ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنێت.

بەگوێرەی زانیاری ئەو سەرچاوانە، ترەمپ لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئەگەر ئەنقەرە سیستەمی بەرگری S-400 کارا نەکات و کەلوپەل و چەکی سەربازی روسی نەكڕێت، ئەوا جارێکی دیکە لە پرۆگرامی F-35 دا بەشداری پێدەکاتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەردۆگان داواکاریەکەی ترەمپی رەتکردوەتەوە، پێشبینی دەکرێت بابەتی سەرەکی گفتوگۆکەی نێوان ترەمپ و ئەردۆگان لە سەردانەکەی ئەم هەفتەیدا بۆ واشنتن مامەڵە سەربازیەکانی ئەنقەرە بێت لەگەڵ مۆسکۆ.

بڕیارە رۆژی سێشەممە رێکەوتی 13ی ئەم مانگە، رەجەب تەیب ئەردۆگان سەردانی واشنتن بکات، هەردولا لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤا و پێشێلکاریە سەربازیەکانی تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ناتۆ  تاوتوێ بکەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP