هەواڵی ئەمڕۆ

سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق چەند بڕیارێكی گرنگ تاوتوێكرا
هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری لە كۆشكی سەلام كۆبونەوە

- 11/10/2019 7:24:00 PM 2730 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

كۆبونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە كۆشكی سەلام، لە لایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە میوانداری كرا و تێیدا سەبارەت بە بابەتە سیاسی و ئەمنیەكان گفتوگۆ ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ یەكشەممە، دكتۆر بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام لە بەغدای پایتەخت میوانداریكرد لە هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زەیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق.

لەمیانی كۆبونەوەكەدا و لە سەروبەندی ئەو خۆپیشاندانانەی ماوەی زیاترلە مانگێكە لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بەردەوامی هەیە، دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵات خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئەوەكرایەوە "نارەزاییی نیشتیمانی ئاشتیانە جوڵەیەکی چاکسازی ڕەوایە و وەڵام دانەوەیە بۆ ڕای گشتی نیشتیمانی و داواکاریی ژیاری سیاسی و خزمەتگوزاری کە شایستەی عێراقیەكانە".

هەرسێ سەرۆكایەتیەكە و سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەری، لە كۆبونەوەكەدا دوپاتیانكردەوە "هەڵوێستیان سەبارەت بە رێگریکردن و رەتکردنەوەی هەر جۆرە چارەسەرێکی ئەمنی بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە نەگۆڕە و دەبێت لێپێچینەوەی توند بکرێت لە هەر لایەنێک کە پەنا دەبات بۆ توندوتیژی" لەوبارەیەشەوە "ئاراستەكردن و بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزەچەکدارەکان بۆ قەدەغە کردن و بەکارهێنانی دەسترێژێکی گوللـە و هەمو جۆرەکانی توندوتیژی کە پەنای بۆ دەبرێت و زیادەڕۆیی تێیدا تاوتوێكرا".

هاوكات، سەبارەت بە رشتنی خوێنی هاوڵاتیان بە ناهەق و دەستڕێژكرد ن و كوشتنی هەڕەمەكی ئەنقەست لە لایەن چەند دەستیەكی نادیارەوە، لەو كۆبونەوەیەدا جەختكرایەوە لەسەر ئەو پەیمانەی کە داویانە کە هیچ دڵۆپە خوێنێکی پاک بە فیرۆ نەڕوات و کاری دادپەروەرانەی دڵسۆزانە ناوەستێت لە پێناو رێگری کردن لەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە رشتنی ئەو خوێنە پاکە ئەم بەرپرسیارێتیە هی حکومەت و یاساو هەمومانە بە کۆمەڵ و دەسەڵاتدارانیشەوە کە هەوڵەکان ناوەستێت بە ئاراستەی دەستگیکردنی بکوژان و ئەوانەی دەستیان هەیە لە رشتنی خوێن، بەرپرسیارێتی ئێمە ئەوەیە کە دڵنیایی بەین لە مافی خانەوادەی شەهیدان و چارەسەری بە پەلەش بکەین بۆ بریندارەکان بەپێی توانا.

كۆبونەوەی سەرۆك بەرهەم لەگەڵ هەریەك لە عادل عەبدولمەهدی و محەمەد حەلبوسی و فایەق زەیدان، جەختكردنەوە لەسەر چەند خاڵێك كۆتاییهات، كە پاش كۆبونەوەكە راگەیەندرا، ناوەڕۆكی ئەو خاڵانەی لە كۆبونەوەكەدا جەختیان لەسەر كردوە بریتیە لە:

1- دەسەڵاتی جێبەجێکار و دادوەری بە جدی دەستی کردوە بە کاری یاسایی بۆ کردنەوەی مەلەفی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە گەندەڵی و راپێچکردنی تۆمەتباران بۆ لێکۆڵینەوەی دادپەروەرانە، گێڕانەوەی مافی ماف خوراوان، کردنەوەی ئەم دۆسیانە بەردەوام دەبن و هیچ کەسیش ناتوانێ لە هیچ پلە و پایەیەکدا بێت پرۆسەی دادپەروەرانە بەلارێدا ببات، رێگە بە هیچ پێچ و پەنا و فێڵیک نادرێت لە کردنەوەی دۆسیەکان و لێکۆڵینەوە و دادگایکردنەکان، بەرژەوەندی وڵات، مافی گەل، سەپاندنی یاسا، جێبەجێکردنی یاسا، بەشێکی گرنگە لە دەوڵەتدا هەر بۆیەش دەست کراوە بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی لە لایەن دادگا لە بەرامبەر ئەوانەی کە دەستیان هەبوە لە شەهید کردن و بریندار کردنی ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان و ئەوانەی دەستدرێژیان کردوەتە سەر موڵکی گشتی و هەروەک بەشێک لەوانە دەستگیرکراون و پەراوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و تا ئێستاش لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

2- دەستکراوە بە کاری جددی لە پێناو بە یاساییکردنی یاسایەکی نوێ بۆ یاسای هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی ئەم یاسایە گرەنتی بەدیهێنانی دادپەروەری بکات لە کاتی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان و یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی خاوەن تواناکان پاڵێوراوبن بە گوێرەی تێڕوانین و ویستی دەنگدەران وە سنوردارکردنی ئەوانەی کە قۆرخکاری حیزبی دەکەن و ژیانی سیاسی گۆشەگیر دەکەن لە نێوان ژمارەیەک حیزبی دیاریکراو و رێگە نادرێت خوێنی نوێ بەبەر ئەو پاڵێوراوانەدا بکرێت کە لەدەرەوەی بازنەی ژیانی حیزبین، هەروەک ئەو یاسا نوێیە یارمەتیدەر بێت لە رەخساندنی دەرفەت بۆ لاوان تا بگەن بە پەرلەمان و بەشداربن لە وێناکردنی سیاسەتی وڵاتەکەیان. هەروەها یاسای نوێ کۆمسیۆنێکی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دێنێتە کایەوە کە پیشەییانە و کارا بێت لە تەواوی جومگەکانیدا و وە ئەو کەسانەی کاری تیێدا دەکەن.

3- خۆپیشاندانەکان یارمەتیدەردەبن لە گوشاری ڕەوا کە دروست بێت لەسەر هێز و لایەنە سیاسیەکان و حکومەت و دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە پێناو قبوڵکردنی ڕێڕەوی چاکسازیەکان و گۆرانکاریە ئیجابیەکان بە تایبەت لە بواری چاکسازی وزاری کە لەسەر بنەمای بەهرە و تواناکان بێت و وە سنورێک دابنێت بۆ دابەشکاریەکان بە هەمو شێوەکانیەوە، هەروەها کاری دەوڵەت رێک بخات بە جۆرێک کە لە چوارچێوەیەکی راست و سروشتیدابێت وەک دەوڵەتێکی چاودێر بۆ گەل و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی بێت نەک لە بەرژەوەندی حیزب و تاکەکانی دەسەڵاتدار و ئەو هێزانەی کە دەسەڵاتیان بەدەستە. بەشداربوانی کۆبونەوەکە بە جۆرێک دەڕواننە خۆپیشاندانەکان کە ڕێرەوی ئاشتیانەکەی بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی چاودێری دادەنرێت و گوشار دروست دەکات بۆ بەدیهێنان و زامنکردنی چاکسازی پێویست و گەشتن بە ئامانجە بەڵێندراوەکان.

4-  دەستپێشخەری دەكرێت بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی نیشتیمانی لە پێناو پێداچونەوە بە سیستەمی حوکمڕانی و دەستور بەگوێرەی تێکستە دەستوری و یاساییەکان،  رێز و ستایش لە ویستی لاوان دەگیرێت کە زۆربەیان داواکاریەکانیان بۆ ژیان و بەدیهێنانی مافەکانیانە کە وڵاتیان هەژاند و وێنەیەکی مەزنیان بەم گەلە شکۆمەندە نیشاندا، ئەم جوڵەیە بە گرنگترین دادەنرێت لەو دەستکەوتانەی لە دوای 2003 ەوە بە دیهاتون کە رێبەریکرد بۆ پێداچونەوەیەکی گشتگیر نەک تەنیا بۆ دامەزراوەکانی بە تەنیا بەڵکو بۆ سیاسەت و پلانی بنیادنانەوە و پێشکەوتن و گۆڕینی یاساکانی داڕشت تاکو وڵات و گەلەکەی لە دڵی ژیانێکی مۆدێرن هاوشانی وڵاتانی پێشکەوتو بژین. ئەم جوڵەیە جارێکی تر ویستی گۆڕانکاری نوێکردەوە لە پێناو چاکسازی گەورەتر تا بگات بە ئاستێکی بەرزتر و شکۆمەند، خۆپیشانەدەرانی ئاشتیخوازی ئازادی خواز سەرکەوتو بون لە پاراستنی جوڵە ئاشتی خوازیەکانیان هەروەها ویستی نیشتیمانیان گەورە تر کرد لە ویستە چەپەڵەکان کە مەرامیان بو وێنای ئاشتیانە بۆ جوڵەی ناڕەزایی نیشتیمانی بشێوێنن و مەرامیان شەرانگێزی و خراپە بو بۆ ئەم وڵاتە کە پەروەردگار ئێمەی لەو چەپەڵییە پاراست، هەروەها کۆبونەوەکە دوپاتی کردەوە لەسەر رۆڵی ژیرانەی مەرجەعیەتی باڵا کە تیایدا بوە مایەی زیادکردنی چەسپاندنی ویستی خۆپیشاندان و ئامۆژگاری کردن بە ئاراستەی چاکسازی و دوپاتکردنەوە لەسەری و هەروەها هۆشداریدا لەسەر پێویستی و چارەسەرکردنی ئاشتیانە لەم دۆخە ناسک و هەستیارەدا.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP