شابەندەر: پێویستە ساڵێك ماوە بدرێتە عادل عەبدولمەهدی تا بتوانی چاکسازی ڕیشەیی ئەنجامبدات

- 11/9/2019 11:41:00 PM 2385 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

عزەت شابەندەر، سەركردەی سیاسی عێراق، داوای مانەوەی ساڵێک دەکات بۆ عادل عەبدولمەھدی ھەتا بتوانی چاکسازی ڕیشەیی ئەنجامبدات و دەڵێت،"بەم شێوازەی ئێستا خۆپێشاندانەکان ھیچ چانسێکی سەرکەوتن و بەدیھێنانی ئامانجەکانی نیە".

هێزە سیاسیەكان بنەمای كێشەكانی عێراقن و خۆیان گەندەڵن، پێویستە ئەو هێزانە هەست بە شەرمەزاری بكەن و هەست بە شكستی خۆیان بكەن

 

عیزەت شابەندەر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،"هێزە سیاسیەكان بنەمای كێشەكانی عێراقن و خۆیان گەندەڵن، پێویستە ئەو هێزانە هەست بە شەرمەزاری بكەن و هەست بە شكستی خۆیان بكەن و بگەڕێنەوە ناو پەرلەمان،  لەوێ رۆڵی چاودێری ببینن، تەئكیدیش دەكاتەوە،"پەرلەمان پابەندی سەرۆكی كوتلە سیاسیەكانە".

ئامۆژگاری حەلبوسی دەكەم، نەبێتە داردەستی ئەملاولا

 

شابەندەر پەیامێكی ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كردو رایگەیاند،"ئامۆژگاری حەلبوسی دەكەم، نەبێتە داردەستی ئەملاولا" ئەوەش قسەیەكی میللیە، كە بەو مانایە دێت لە كێشە سەرەكییەكەی دور دەكەوێتەوە و سەرقاڵی كارێكی دیكەیە.

ئەو هێزانە دەیانەوێت هەمو شكستەكانیان بە عادل عەبدولمەهدی هەڵبواسن

 

ئەو سەركردە سیاسییە هێزە سیاسیەكانی تۆمەتباركردوە بە راكردن لە بەرپرسیارێتی و رایگەیاندوە،"ئەو هێزانە دەیانەوێت هەمو شكستەكانیان بە عادل عەبدولمەهدی هەڵبواسن، بەڵام چارەسەری قەیرانەكە ئەوەیە كە هێزە سیاسییەكان و سەرۆكوەزیران پێكەوە هاوكاری یەكتر بكەن بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی".

بەبڕوای شابەندەر، چاكسازییەكانی عادل عەبدولمەهدی هێواشن بە بەراورد بە روداوە خێراكانی عێراق، و لەو روەوە سێ پێشنیار كردوە.

دەستكردن بە چاكسازی و گۆڕانكاری لە پێكهاتەی وەزارەتەكانی حكومەت بەجۆرێك سەرۆكوەزیران كودەتا بكات بەسەر سەرجەم ئەو وەزیرانەی لە بنەڕەتدا لەلایەن كوتلە سیاسیەكانەوە دانراون

 

شابەندەر دەڵێت،"دەستكردن بە چاكسازی و گۆڕانكاری لە پێكهاتەی وەزارەتەكانی حكومەت بەجۆرێك سەرۆكوەزیران كودەتا بكات بەسەر سەرجەم ئەو وەزیرانەی لە بنەڕەتدا لەلایەن كوتلە سیاسیەكانەوە دانراون، بەڵام ئەو هێزانە درۆ دەكەن كاتێك دەڵێن عادل عەبدولمەهدی ئەم وەزیرانەی هەڵبژاردوە". 

ئەمەش بە هەمواری دەستوری دەستپێ بكات و بەهەڵبژاردنی پێشوەخت كۆتایی پێ بێت لە چوارچێوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن

 

هەروەها داوایكردوە، ماوەی مانەوەی سەرۆكی حكومەت بۆ ساڵێك درێژبكرێتەوە بە مەرجی ئەنجامدانی چاكسازی لە سیستمی سیاسی، دەڵێت،"ئەمەش بە هەمواری دەستوری دەستپێ بكات و بەهەڵبژاردنی پێشوەخت كۆتایی پێ بێت لە چوارچێوەی یاسای نوێی هەڵبژاردن".

وتوشیەتی،"ئەو خۆپیشاندانانەی ئێستا، پێناچێت سەربكەوێت، چونكە خۆپیشاندەران داخوازی رونیان نییە".

داواشیكرد، سەرۆكوەزیرانی عێراق بەردەوام بێت لەكارەكەی و كەناڵی گفتوگۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران بكاتەوە و دانوستانیان لەگەڵ ئەنجام بدات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP