هەوڵ بۆ رێگریكردن لە گەڕانەوەی پیشمەرگە بۆ خانەقین و گوڵاڵە دەدرێت

- 11/9/2019 8:39:00 PM 1575 جار خوێندراوەتەوە

خەندان - نیگار عومەر 

لەدوای هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی هێزەکانی  پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی خانەقین، گوڵاڵە، کاربەدەستانی ئەو ناوچانە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن پیشمەرگە نەگەڕێتەوە بۆئەو شوێنانە.

د،کارزان عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی لەخانەقین، بەخەندان- ی ڕاگەیاند، "لەدوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کورد هەوڵی گەڕانەوەی هێزەکانی پیشمەرگەیان دا  بۆ ناوچەکانی خانەقین، جەلەولا (گوڵاڵە) و ناوچەکانی دیکەی ئەو سنورە، لە ئێستادا کاربەدەستانی حکومەتی عێراق لەسنورەکە لەگەڵ حەشدی شەعبی، لەکۆبونەوەدان و لەگەڵ سەرۆک عیشیرەتەکانی ئەو ناوچانە کار دەکەن بۆ ئەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە بڵێن نامانەوێ پیشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەكانمان"

 د،کارزان ، ئەوەشی ڕونکردەوە، "کوبونەوەی حەشدی شەعبی لەگەڵ سەرۆکهۆزەکان بەئامانجی ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی لەسەر خۆیان لا بدەن و بڵێن خەڵک نایەوێ پیشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئەو ناوچانە" 

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بەخەندان-ی ڕاگەیاند، "تا ئێستا دوجار کۆبونەوەمان کردوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ئەوەی بەهاوبەشی خەڵکی ئەو ناوچانە بپارێزین لە هێرشەکانی داعش، بەڵام هێشتا ڕیک نەکەوتوین"

ئەوەشی ڕونکردەوە، "حکومەتی عێراق بەفەرمانی فەرمی داوای کردوە سوپای عێراق لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەهەماهەنگی ئەو ناوچانە بپارێزن بۆ ئەوەی داعش جارێکی تر نەتوانێت هەڕەشە دروست بکات بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان".

ئاماژەی بەوەشکرد،" ئێمەش وەک هێزەکانی پیشمەرگە ئامادەین ئەو ناوچانە بپارێزین بەبێ جیاوازی کردنی دانیشتوانەکەی، بەڵام لایەنی عێراقی کۆبونەوەکەی دواخستوە"

دەربارەی هێرشەکانی ئەم دوایانەی داعش بۆ ئەو ناوچانە، جەبار یاوەر، ڕونیکردوە، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عێراق قسەمان کردوە و لەهەوڵداین  بتوانین بگەڕێینەوە ئەوسنورانەو ئامادەین  هەماهەنگی هاوبەشمان هەبێت"


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP