توركیا داعش بەرێكخستن و ناوی نوێ دروستدەكاتەوە
روانگەی سوری: چەکداری داعش لەناو گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا خەریکی خۆرێکخستنەوەن

- 11/9/2019 5:37:00 PM 2013 جار خوێندراوەتەوە

خەندان -    

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لەئێستادا ئەندامانی رێکخراوی چەکداری داعش لەبەرەکانی گروپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا خەریکی خۆ رێکخستنەوەن.
ژمارەیەک لە چەکداری داعش کە پێشتر لەناو رێکخراوی چەکداری داعشدا کاریانکردوە، لە ئێستادا لە بەرەی گروپە چەکدارەکانی پشتیوانی تورکیا کاردەکەن

 

كەناڵی ئەلعەرەبیە لە زاری رامی عبدولرەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، رونگەکەیان کۆمەڵێک زانیاری بەدەست گەیشتوە، کە ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەیەک لە چەکداری داعش کە پێشتر لەناو رێکخراوی چەکداری داعشدا کاریانکردوە، لە ئێستادا لە بەرەی گروپە چەکدارەکانی پشتیوانی تورکیا کاردەکەن.

وتیشی، زیاتر لە هەشت حاڵەتمان پشتڕاست کردوەتەوە، کە پێشتر لە بەرەکانی داعشدابون، بەڵام لە ئێستادا چونەتەپاڵ "گروپی حەمزات" و "ئەحرار الشرقیە"، لە ئێستادا لەژێر چاودێری تورکیاو گروپە چەکدارەکانی پشتیوانی تورکیا کاردەکەن.

لەو راپۆرتەدا روانگەی سوری رونیشیکردەوە، هەندێک لە چەکداران بە ئەنقەست ناوی خۆیان گۆڕیوە و یەکێک لەو کەسانەش چەکدارێکی کۆنی رێکخراوی داعشە كەنازناوی " ئەبی ئوسامە شامی"هەبوە.

ئەبی ئوسامە شامی، لە ساڵی 2012 چوەتە ناو بەرەی نوسرەوە، پاشان بەیعەتی بە خەلافەتی داعش داوە لە ساڵی 2014 و لە ئێستادا لەناو گروپە چەکدارەکانی پشتیوانانی تورکیا شەڕدەکات.

لای خۆشیەوە، حەسەن محەمەد عەلی، لە وتارێكدا كە لە پێگەی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوكراوەتەوە نوسیویەتی، توركیا داعش بەرێكخستنی نوێ و لەژێر ناوێكی نوێ دروستدەكاتەوە.

9ی ئۆکتۆبەر تورکیا بە هاوکاری گروپە چەکدارەکانی پشتیوانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامدا  بەهۆیەوە چەندین چەکداری داعش توانیان لە زیندانەکانیان هەڵبێن و لە ئێستادا بەرەکانی خۆیان لەناو گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا رێکدەخەنەوەوە و هەرەشەی سەربڕین لەهەر کوردێک دەکەن کە بەردەستیان بکەوێت و بە "کافر" ناویاندەبەن.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP