بەپەلە

زۆربونی دیاردەی خۆکوژی لە تورکیا ئاماژەکانی هەڵئاوسانی ئابوری دیارتردەخەن
تورکیا؛ خێزانێکی 4 ئەندامی خۆیان کۆمەڵکوژ دەکەن

- 11/9/2019 5:36:00 PM 2534 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە پارێزگای ئەنتالیا لە تورکیا، پیاوێک و هاسەرەکەی لەگەڵ دو منداڵیاندا خۆیان کۆمەڵکوژ دەکەن، ئەوەش دوەم کەیسی خۆکوشتنی بەکۆمەڵە لەو وڵاتەدا لەماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا.

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ پۆلیسی شاری ئەنتالیا لە تورکیا، پیاوێک و هاوسەرەکەی و دو منداڵیان بە مردویی لە ماڵەکەی خۆیاندا دۆزیەوە، تێبینیەکی خۆکوشتنیشیان لە نزیکیان دۆزیوەتەوە.

"داوای لێبوردن لەهەمو لایەک دەکەین، بەڵام هیچ شتێکی دیکەمان لەدەست نەهات، کۆتایی بەژیانی خۆمان دەهێنین" لەتێبینیەکەدا وا نوسراوە.

بەگوێرەی پۆلیسی ئەو وڵاتە، پیاوەکە تێبینیەکی نوسیوە کە تیایدا باسی لەوەکردوە ماوەی چەند مانگە بێ ئیش بوە و نەیتوانیوە لەوە زیاتر بەرگەی بارودۆخە ناهەموارەکەیان بگرێت.

روداوەکە هاوشێوەیە لەگەڵ روداوی 6ی ئەم مانگە، کە  هێزە ئەمنیەکانی ئیستانبوڵ، چوار خوشک و برایان بە مردوی لە ماڵەکەی خۆیان دۆزیەوە، رایانگەیاند" بەگوێرەی توێکاریەکان خۆیان ژەهرخواردو کردوە".

لەدوای خۆکوشتنیان، ئەو چوار خوشک و برایە نامەیەکی بۆ دراوسێکەیان بەجێ هێشتوە کە نوسراوە" ئاگاداربە مادەی ژەهر بونی هەیە، مەیە ژورەوە، تەلەفۆن بۆ پۆلیس بکە"، هاوکات دراوسێکانیان بە پۆلیسیان راگەیاندوە، ئەو چوار خوشک و برایە بەدەست قەرزاری و کەمدەرامەتیەوە ناڵاندویانە.

دو خۆکوژی بە کۆمەڵ، لە ماوەی  کەمتر لە هەفتەیەک، ئاماژەیەکی ترسناکە بە هەڵئاوسانی ئابوری و نەبونی هەلی کار لەو وڵاتەدا، لەو بارەیەوە ئیلکەر کوچوکپارلاک، دەرونشیکار لە شاری ئیستانبوڵ دەلێت" ژمارەی خۆکوژیەکان لە کاتی خراپی باری ئابوریدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاددەکەن".

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەو خێزانانەی لە هێڵی بێکاریدا دەژین داهاتی مانگانەیان بۆ خێزانێکی چوار کەسی بریتیە لە هەزار و 162 دۆلار کە ئەوەش چوار جار کەمترە لەو خەرجیانەی لە مانگێدا پێوستیان دەبێت بۆ مانەوە لە تورکیا، هاوکات رێژەی بێکاری سەدا 13 ی تێپەراندوە، زیاتر لە 4 ملیۆن و نیو کەس لەو ولاتەدا بێ ئیشن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP