بەپەلە

بەغدا؛ بەهۆی هەوڵدان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی تەحریر 30 كەس برینداربون

- 11/9/2019 4:38:00 PM 1369 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئێوارەی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنیەكانی عێراق هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر دەدەن لە شاری بەغداد و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان تا ئێستا 30 كەس برینداربون.

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنیەکان دەیانەوێت کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی بەغداد بهێنن، و بەوهۆیەشەوە ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان لە گۆڕەپانی تەحریر دروستبوە و بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسك رێژ و گوللـەی پلاستیكییەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە 30 خۆپیشاندەر برینداربون.

چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوەکردوە، توندوتیژیەکان لەنێوان پردی کۆماری و گۆڕەپانی تەحریرە، خۆپیشاندەران دەیانەوێت لە گۆڕەپانەکە بمێننەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە 16 رۆژە خۆپیشاندانەکانی بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق بەردەوامە و بەپێی دواین ئاماری كۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ تا ئێستا 300 كەس کوژراون و زیاتر لە 15 هەزاریش برینداربون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP