كۆمسیۆنی مافەكان مرۆڤ: لە خۆپیشاندانەكانی عێراق 300 كەس كوژراون و 15 هەزاریش برینداربون

- 11/9/2019 4:34:00 PM 1008 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندوە،"لە خۆپیشاندانەكانی عێراقدا تاكو ئێستا 301 كەس كوژراون و 15 هەزاری دیكەش برینداربون".

عەلی ئەكرەم بەیاتی، وتەبێژی كۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بە سی ئێن ئێن-ی راگەیاندوە،"لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تاكو ئێستا 301 كەس كوژراون و 15 هەزاری دیكەش برینداربون.

بەیاتی ئاماژەی بەوەشكردوە،"دواین كوژراوانی خۆپیشاندانەكان، دو كەس بون كە دوێنێ هەینی، لە خۆپیشاندانەكانی شاری بەسرە كوژراون و 100ی دیكەش برینداربون، و بۆ روبەروبونەوەی خۆپیشاندانەكان، هێزە ئەمنیەكانی عێراق گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی بەكاردەهێنن.

دوێنێ هەینی، عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی شیعەكانی عێراق داوای لە هێزە سیاسیەكانی عێراق كرد، خشتەیەكی زەمەنی دیاریی بكەن بۆ جێبەجێكردنی داخوازییەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق، وتیشی، هێزە سیاسییەكان دەرفەتیان ماوە رێكبكەون و چاكسازی ئەنجام بدەن.

وتیشی،"هێزە ئەمنیەكانی عێراق بەرپرسیارن بەرامبەر ئەنجامدانی هەر توندوتیژییەك كە دژی خۆپیشاندەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، هەمو تاكێكی عێراقیش مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی هەیە".

لای خۆشیەوە عادل عەبدولمەهەدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی داواکاری عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی دایەوە و رایگەیاند، "خۆپیشاندانەکانی عێراق گەورەترین جوڵانەوەی ناڕەزایین لە دوای ساڵی 2003ەوە و نیشانەی هۆشیاری گەلی عێراقە".

عەبدولمەهەدی باسی لەوەشکردوە، "شەهید و بریندارەکانی خۆپیشاندانەکان هەمو قەرەبویەکی ماددی و مەعنەوی دەکرێنەوە و هەمو ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە لە هەر پلە و پۆستێکدابن  دەدرێنە دادگای تاوانەکان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP