سەرۆک بەرهەم و عەبدولمەهدی تاوتوێی جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران دەکەن

- 11/9/2019 3:31:00 PM 1374 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ سەردانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد و تاوتوێی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانیان کرد.
عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق باسیان لە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەکان و رێوشوێنەکانی حکومەت کرد

 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق باسیان لە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتەکان و رێوشوێنەکانی حکومەت کرد لە بواری چاکسازیدا.
لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا هەروەها گفتوگۆ لەسەر داواکاریەکانی خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش وڵاتدا کراوە

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا هەروەها گفتوگۆ لەسەر داواکاریەکانی خۆپیشاندەران لە چوارچێوەی پاراستنی ئاسایش وڵاتدا کراوە.

لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بە مەبەستی داواکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان  و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن و لە ئێستاشدا خۆپیشاندەران ناڕەزاییەکانیان بۆ مانگرتن گۆڕیوە.
بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوری عێراقەوە تا ئێستا زیاتر لە 260 کەس کوژراون

 

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوری عێراقەوە تا ئێستا زیاتر لە 260 کەس کوژراون و زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەش برینداربون.
خۆپیشاندانەکانی عێراق گەورەترین جوڵانەوەی ناڕەزایین لە دوای ساڵی 2003ەوە و نیشانەی هۆشیاری گەلی عێراق

 

ئەمڕۆش عادل عەبدولمەهەدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی داواکاری عەلی سیستانی، مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانی دایەوە و  رایگەیاند، "خۆپیشاندانەکانی عێراق گەورەترین جوڵانەوەی ناڕەزایین لە دوای ساڵی 2003ەوە و نیشانەی هۆشیاری گەلی عێراقە".
حکومەت پشتیوانی لە داواکاری خۆپیشاندەران دەکات و  لە رێگەی رێکارە دیموکراسییەکانەوە هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەستپێکردوە

 

ئاماژەی بەوەکردوە، حکومەت پشتیوانی لە داواکاری خۆپیشاندەران دەکات و  لە رێگەی رێکارە دیموکراسییەکانەوە هەوڵەکانی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەستپێکردوە، لە چوارچێوەیەشدا "موچەی پلەباڵاکانی بۆ %50 کەمدەکرێتەوە و یاسای خانەنشینی، کار و چاودێری تەندروستی هەمواردەکرێتەوە".

عەبدولمەهەدی باسی لەوەشکردوە، "شەهید و بریندارەکانی خۆپیشاندانەکان هەمو قەرەبویەکی ماددی و مەعنەوی دەکرێنەوە و هەمو ئەوانەی تاوانیان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە لە هەر پلە و پۆستێکدابن  دەدرێنە دادگای تاوانەکان و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP