بەوێنە؛ بەرلین یادی 30 ساڵەی روخانی دیواری بەرلین دەکاتەوە

- 11/9/2019 2:36:00 PM 1539 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ 9-ی نۆڤەمبەر ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئاشتی ئەوروپا و روخانی دیواری بەرلینە و حکومەتی ئەڵمانیاش بەئەنجامدانی چەندین چالاکی ئەو یادە دەکاتەوە.

لە9-ی نۆڤەمبەری ساڵی 1989-دا، پاش سەرکەوتنی راپەڕینێکی ئاشتیخوازانە لەناوچەی دەسەڵاتی کۆمۆنیستەکان لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیان و پەرەسەندنی بەرەو ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا کە لەلایەن سۆڤیەتەوە کۆنترۆڵکرابو، دیواری نێوان ئەڵمانیای رۆژئاوا و رۆژهەڵات روخێنرا بەمەبەستی دورخستنەوەی هەژمونی دەسەڵاتی مۆسکۆ و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی ئەوروپا.
تەنها لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیادا نزیکەی 200 بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدراون

بەوبۆنەیەوە تەنها لەبەرلینی پایتەختی ئەڵمانیادا، نزیکەی 200 بۆنە و چالاکی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، لەنێویشیاندا کێشانی وێنە و نمایشی هونەری لەسەر پاشماوەی دیواری بەرلین لە ناوەڕاستی شارەکەدا کەدرێژییەکەی 155 کیلۆمەترە و لەلایەن هەزاران خۆپیشاندەری ئەڵمانیای رۆژهەڵاتەوە روخێنرا.

پاشماوەی دیواری بەرلین وەک هێمایەک بۆ یەکگرتوەی ئەڵمانیا و پێشکەوتنی دیموکراسی ئەوروپا پارێزراوە و ساڵانە وەک پێشانگایەکی هونەری بەنوسینی زیاتر لە 30 هەزار خۆزگە و ئومێد و ئاواتی خەڵک لەسەر دیوارەکە ئەو یادەی تێدا دەکرێتەوە و بە ( پەڵەهەوری ئازادی) ناودەبرێت.

ساڵانە لەم یادەدا هەریەک لەسەرۆک و راوێژکاری ئەڵمانیا بەشداری یادەکە دەکەن، لەلایەکی دیکەوە سەدان بابەتی رەخنەگران لەسەر ئەو یادە و ئامانجەکانی دەنوسرێت.

نیشانەکردن :

#ئه‌ڵمانیا

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP