ئێران: ئیمارات باشترین کاردانەوەی بۆ دەستپێشخەریەکەمان هەبوە

- 11/9/2019 1:12:00 PM 1511 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-       

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی رایگەیاند، هەندێک لایەن بەرژەوەندیان لە دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداودا هەیە، دەشڵێت، "ئیمارات باشترین کاردانەوەی بۆ دەستپێشخەریەکەمان هەبوە کە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراوەتەڕو".
هەندێک لایەن کاردەکەن بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداودا

 

عەباس عەرەقچی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی روسیا تودەی رایگەیاند، "هەندێک لایەن کاردەکەن بۆ دروستکردنی ناکۆکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداودا، بەدەستی نهێنی کار لەسەر گۆڕینی روداوەکان دەکەن بەوجۆرەی خەڵک دەیەوێت، ئێمە لەڕێگەی شیکاریە سیاسیەکانەوە گەیشتوین بەو دەرئەنجامە".
کاردانەوەی ئیمارات بۆ دەستپێشخەریەکەی ئێران، لە هەمو وڵاتانی دیکەی کەنداو باشتربوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاردانەوەی ئیمارات بۆ دەستپێشخەریەکەی ئێران، "لە هەمو وڵاتانی دیکەی کەنداو باشتربوە"، لەئێستاشدا گفتوگۆی سیاسی لەنێوان هەردو وڵاتدا بەڕێوەدەچێت.

25-ی سێپتەمبەری ئەمساڵ، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەوتارێکدا لە کۆنگرەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک پلانێکی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایشی کەنداوی فارس و دەریای عەممان بەهاوکاری وڵاتانی دیکەی کەنداو خستەڕو.
تێگەیشتنی زۆرباش هەیە لەنێوان ئێران و ئیماراتدا، هیواخوازین ئەو لێکتێگەیشتنە بمانگەیەنێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ناچەکە

 

عەرەقچی رونیکردەوە، "تێگەیشتنی زۆرباش هەیە لەنێوان ئێران و ئیماراتدا، هیواخوازین ئەو لێکتێگەیشتنە بمانگەیەنێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ نەهێشتنی ناکۆکییەکانی ناچەکە".
تاران چاوەڕوانی لە وڵاتانی دیکەی کەنداو هەیە، کە دەستپێشخەریەکەی ئێران بۆ پاراستنی ناوچەی کەنداو بە پرسێکی گرنگ سەیر بکەن

 

باسی لەوەشکرد، "تاران چاوەڕوانی لە وڵاتانی دیکەی کەنداو هەیە، کە دەستپێشخەریەکەی ئێران بۆ پاراستنی ناوچەی کەنداو بە پرسێکی گرنگ سەیر بکەن و لە تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بەو بابەتە ئاگەدارمان بکەنەوە".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە سعودیە رایگەیاند، "لەگەڵ سعودیە هەندێک پەیوەندیمان هەیە لەبارەی وەرزی حەج، بۆ ئاسانکاری رێوشوێنی ئەو مەراسیمە بۆ حاجیان، هەمو وڵاتانی ئیسلامی هاوڕان لەسەر ئەوەی پڕۆسەی حەج بەبێ کێشە بڕوات، چونکە یەکێکە لە ئەرکەکانی ئیسلام".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP