"سەرۆک وەزیران ئامادەی کۆبونەوەکە نابێت"
پەرلەمانی عێراق لەسەر بەشێکی دیکە لە داخوازییەکانی خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە

- 11/9/2019 12:45:00 PM 1214 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بەشێکی دیکە لە داواکاریەکانی خۆپیشاندەران کۆدەبێتەوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە چاکسازی و لێپرسینەوە و خزمەتگوزارییەکان.
پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازییەکانی خۆپیشاندەران درێژە بە کۆبونەوەکانی دەدات

 

شیروان میرزا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر داخوازییەکانی خۆپیشاندەران درێژە بە کۆبونەوەکانی بدات و لەوبارەیەوە ژمارەیەک رێکاریش پەسەند بکات.

دەربارەی ئامادەبونی فراکسیۆنە کوردییەکانیش ئەوەی خستەڕو، ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدان و بەشداری کۆبونەوەکە دەکەن.
سەرۆک وەزیران ئامادەی کۆبونەوەکە نابێت، چونکە ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەماندا نیە

 

سەبارەت بە ئەگەری ئامادەبونی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەکەدا ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک وەزیران ئامادەی کۆبونەوەکە نابێت، چونکە ئەو بڕگەیە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەماندا نیە.

هاوکات میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران ژمارەیەک چاکسازی دیکە پەسەند دەکات، کە بەشێکە لە داواکاری خۆپیشاندەرانی ناڕازی کە ماوەی زیاتر لە پێنج هەفتەیە بەردەوامە.
رۆشتنی عادل عەبدولمەهەدی، حکومەتی عێراق دەکاتە حکومەتی کاربەرێکەر و زۆربەی دەسەڵاتەکانی نامێنێت ئەوەش خۆپیشاندەران رازی ناکات

 

پێشوتریش سەبارەت بە داوکاری خۆپیشاندەران بۆ دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت لە بری چاکسازی و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی سەعد حەدیسی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، رۆشتنی عادل عەبدولمەهەدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، حکومەتی عێراق دەکاتە حکومەتی کاربەرێکەر و زۆربەی دەسەڵاتەکانی نامێنێت ئەوەش خۆپیشاندەران رازی ناکات و ناشتوانێت ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکات، کە ئێستا بە خۆپیشاندەرانی داوە، ئەوەش قەیرانەکان قوڵتر دەکاتەوە.

لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بە مەبەستی داواکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان  و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن و لە ئێستاشدا خۆپیشاندەران نارەزاییەکانیان بۆ مانگرتن گۆڕیوە.

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوری عێراقەوە تا ئێستا زیاتر لە 260 کەس کوژراون و زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP