بەپەلە

"کاربکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی براونەتە دەرەوە"
یوسف محەمەد دو هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عێراق ئاشکرا دەکات

- 11/9/2019 9:33:00 AM 3148 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، گەندەڵی کە بوەتە هۆی بەهەدەردانی داهاتی عێراق و ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن، "هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عێراقن".

لەیەکی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە بە هەزاران خۆپیشاندەرەی بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق بە مەبەستی داواکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان  و گۆڕینی سیستمی حکومڕانی لەسەر شەقامن و لە ئێستاشدا خۆپیشاندەران نارەزاییەکانیان بۆ مانگرتن گۆڕیوە.
ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەی عێراقی گرتوەتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دو بابەتی سەرەکی، یەکەمیان گەندەڵییە کە بوەتەهۆی بە هەدەردانی داهاتی عێراق

 

یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەی عێراقی گرتوەتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دو بابەتی سەرەکی، یەکەمیان گەندەڵییە کە بوەتەهۆی بە هەدەردانی داهاتی عێراق، چونکە لەبری ئەوەی بۆ قازانجی خەڵک و بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکاربێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە و هەندێک لە کاربەدەستانی کوردیشەوە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم داهاتانە بە فیڕۆ دەدرێن".
هۆکاری دوەم ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراون

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هۆکاری دوەم ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراون و کۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە".

بەهۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی باشوری عێراقەوە تا ئێستا زیاتر لە 260 کەس کوژراون و زیاتر لە 12 هەزار کەسی دیکەش برینداربون.
پێویستە کاربکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عێراقدا براونەتە دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە

 

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان باسی لەوەشکردوە، "پێویستە کاربکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عێراقدا براونەتە دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەش پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەیە تا ئەژمارە بانکیەکانی کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بانکە بیانییەکاندا ئاشکرا بکرێن و هەروەها لە پەرلەماندا دەستکراوە بە کارکردن لەسەر ئەم هەوڵە".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP