پەرلەمانتارێک: لەسەر گەندەڵیکردن هەرچوار پارێزگارەکەی هەرێم دەدەینە دەستەی نەزاهەی عێراق

- 11/9/2019 8:41:00 AM 16661 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە بەغدا نرخی نەوتی ماڵان بە 31 هەزار دینار دیکراوە، بەڵام لە هەرێم بە زیاتر لە 50 هەزار دینار دابەشدەکرێت، دەشڵێت لەسەر ئەو "گەندەڵیە" هەرچوار پارێزگارەکەی هەرێم دەدەنە دەستەی نەزاهەی عێراق.
پارێزگاری هەولێر پیاوەتی بە ئاوی حەمام دەکات و دەڵێت لەپێناو بەرژەوەندی هاونیشتمانیان بڕیاریانداوە بەکەمکردنەوەی بڕی 5 هەزار دینار

 

غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندوە، "پارێزگاری هەولێر پیاوەتی بە ئاوی حەمام دەکات و دەڵێت لەپێناو بەرژەوەندی هاونیشتمانیان بڕیاریانداوە بەکەمکردنەوەی بڕی 5 هەزار دینار لەو نرخەی دانراوە لەبەرامبەر یەک بەرمیل نەوت".

باسی لەوەشکردوە، "جارێکی تر دەڵێم ئەو نەوتی بۆ ماڵان دابینکراوە لە لایەن حکومەتی عیراقە، نرخی 216 لتر نەوتی سپی دەکاتە 31 هەزار دینارە کە حکومەتی عیراق وەک پاڵپشتی ناردویەتی بۆ پارێزگاکانی هەرێم، بەڵام دوای ئەوەی تێکەڵی دەکەن بە نەوتی کواڵیتی خراپ و بەنرخێکی گرانتر دەی دەن بە هاوڵاتیان".

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دوێنێ هەینی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "دوای بەدواداچونمان بۆ نرخی ئەو نەوتەی بەسەر هاونیشتمانیان دابەشدەکرێت، لەپێناو بەرژەوەندی هاونیشتمانیان بڕیارماندا بەکەمکردنەوەی بڕی 5 هەزار دینار لەو نرخەی دانراوە لەبەرامبەر یەک بەرمیل نەوت".
دەڵێن لە بەر بەرژەوەند هاوڵاتیان نرخەکەمان کەم کردەوە، ناڵێت دزیەکەمان کەمتر کرد

 

ئەو پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوەکردوە، "دەڵێن لە بەر بەرژەوەند هاوڵاتیان نرخەکەمان کەم کردەوە، ناڵێت دزیەکەمان کەمتر کرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە بەدڵێ خۆیان و کۆمانیاکانیان نرخ دادەنین نەک لە بەرژەوەندی خەڵک".
لێرەوە داواکارم لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بەنرخەکەی خۆی و نرخی نەقڵەکەی کە کەمترە لە دو هەزار دینارە بدرێت بە هاوڵاتیان

 

غالب محەمەد دەشڵێت، "لێرەوە داواکارم لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم بەنرخەکەی خۆی و نرخی نەقڵەکەی کە کەمترە لە دو هەزار دینارە بدرێت بە هاوڵاتیان، چونکە ئەو نەوتە بۆ هاوڵاتیان دابین کراوە، نەک بۆ تاڵان کردن لە لایەن کۆمپانیاکانی حزب، ئەگەر بەو نرخە نەبێت ناچارمان دەکەن ناوی هەر پێنچ کۆمپانیاکە و چوار پارێزگاکە بە راپۆرتێکی تێر و تەسەند تەسلیمی دەستی دەست پاکی عیراق بکەین بۆ ئەوەی لێکۆڵێنەوە لەم گەندەڵێە بکەن".
بەشێک لە هاوڵاتیان باس لەوەدەکەن، نازانن هۆکاری گرانتربونی نرخی نەوت بۆ دو بەرامبەر لە کوردستان چیە

 

جیاوازی نرخی نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا ماوەی چەند رۆژێکە بوەتە پرسی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و بەشێک لە هاوڵاتیان باس لەوەدەکەن، نازانن هۆکاری گرانتربونی نرخی نەوت بۆ دو بەرامبەر لە کوردستان چیە، لە کاتێکدا بەغدا راستەوخۆ و بەنرخی داشکێنراو نەوتی هاوڵاتیان بۆ هەرێم دەنرێت.

لە ئێستادا بەغداد بڕی 30 هەزار دیناری بۆ هەر بەرمیلێك نەوت داناوە كە لەهەرێمی كوردستان بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشدەكرێت، بەڵام لە بەشێك لەو گەڕەكانەی نەوت دابەشكراوە بڕی 50 هەزار دینار لە هاوڵاتیان وەرگیراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP