"پێویستە هەرێم وەکو حکومەتێکی فیدڕاڵی بەو شێوەیەی رابردو نەمێنێت"
ئەرشەد ساڵحی: تورکمانەکان دەیانەوێت لە دەستوردا نەتەوەی سێهەم بن

- 11/9/2019 8:23:00 AM 8729 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری تورکمان رایگەیاند، کاتی ئەوە هاتوە داوای خۆپیشاندەرانی عێراق جێبەجێ بکرێت، تا رێگە لەوە بگیرێت، خۆپیشاندانەکان لە لایەن لایەنی دەرەکییەوە بقۆزرێتەوە،دەشڵێت، "تورکمانەکان دەیانەوێت لە دەستوردای نوێی عێراقدا نەتەوەی سێهەم بن".
لە دەستوری یەکەمدا ستەمیان لێ کردین و وەکو نەتەوەیەکی سەرەکی دیاریان نەکردین، ئەمجارە سەرەتا دەمانەوێت مافی هاوڵاتی بون بۆ هەمو عێراقییەکان دەستەبەر بکرێت

 

ئەرشەد ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری تورکمان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "لە دەستوری یەکەمدا ستەمیان لێ کردین و وەکو نەتەوەیەکی سەرەکی دیاریان نەکردین، ئەمجارە سەرەتا دەمانەوێت مافی هاوڵاتی بون بۆ هەمو عێراقییەکان دەستەبەر بکرێت، ئەوسا دەشخوازین ئەو مافەمان بۆ بگەڕێننەوە، وەک چۆن لەپەرلەمانەوە دەنگ لەسەر ئەوە درا کە تورکمان پێکهاتەیەکی سەرەکی ژیانی سیاسی عێراقە ئەمجارەش ئەگەر کورد بهێڵن".
پێویستە هەرێمی کوردستان وەکو حکومەتێکی فیدڕاڵی بەو شێوەیەی رابردو نەبێت، کە پێگەی لە پێگەی حکومەتی ناوەند زیاتر بێت

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هەروەها خاڵێکی تر پێویستە هەرێمی کوردستان وەکو حکومەتێکی فیدڕاڵی بەو شێوەیەی رابردو نەبێت، کە پێگەی لە پێگەی حکومەتی ناوەند زیاتر بێت، پێویستە چاکسازی لە زۆرێک لەبەندەکانی دەستوردا بکرێت".

رۆژی 28ی تشرینی یەکەم لە کۆبونەوەیەکدا پەرلەمانی عێڕاق بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەی گۆڕانکاری دەستوری کە نوێنەرانی سەرجەم پێکهاتەکانی تێدا بێت و لە ماوەی چوار مانگدا کارەکانی هەموارکردنەوەکە تەواو بکات.

سەبارەت بە پرسی کۆنفیدراڵی لە عێراقدا کە ئێستا قسەی زۆری لێدەکرێت، ئەرشەد ساڵحی پێی وایە "ئەوە دابەش کردن و پارچە پارچە کردنی عێراقە".
 ئەو مادەیەی کە لە سەروەختی دەسەڵاتی کاتی عێراق هەبو ماددەی 52 کە کەرکوک و بەغدادی وەک دو شاری بارودۆخ جیاواز لک دابوە، دەبێت زیندو بکرێتەوە و کاری پێ بکرێت

 

ئەوەشی خستەڕو، "حاڵەتێکی باشە کە سیستمێکی پەرلەمانییە، بەڵام ئەو مادەیەی کە لە سەروەختی دەسەڵاتی کاتی عێراق هەبو ماددەی 52 کە کەرکوک و بەغدادی وەک دو شاری بارودۆخ جیاواز لک دابوە، دەبێت زیندو بکرێتەوە و کاری پێ بکرێت، ئەو شارانە رێگر دەبن لە دابەش بونی عێراق، تەنانەت ئەگەر هەرێمی فیدراڵی شیعەی خواروش دروست ببێت".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP