ماكرۆن دەپرسێت: چی دەبێت گەر سوریا هێرش بكاتە سەر توركیا

- 11/8/2019 10:56:00 PM 33867 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆكە فرەنسا، سەبارەت بە رەوشی ئێستای باكوری سوریا و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ئەو ناوچەیە دەپرسێـت، "چی دەبێت گەر سوریا هێرشبكاتە سەر توركیا؟ كە ئەندامێكی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە".

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرنسا سەبارەت بە دۆخی باكوری سوریا و هێرشەكانی توركیا رایگەیاند "بڕگەی پێنج لە هاوپەیمانی ناتۆ لە داهاتودا چی لێدێت ئەگەر بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا بڕیاریدا وەڵامی هێرشەكانی توركیا بداتەوە؟".

هاوكات لەوبارەیەوە ماكرۆن دەپرسێت "ئایا گەر ئەسەد هێرشی كردە سەر توركیا، ئێمەی ئەندامانی هاوپەیمانی ناتۆ هەلوێستمان چی دەبێت. ئایا هەڵوێستمان دژ بە سوریا دەبێت؟".

بڕگەی پێنج لە هاوپەیمانی ناتۆ دەڵێت "لە حاڵەتێكدا هەر ئەندامێكی ناو هاوپەیمانیەكە روبەڕوی هێرش و دەستدرێژی بوەوە، سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانیەكە پێكەوە بەرگری لێ دەكەن".

لە وەڵامی پرسیارێكیشدا كە ئایا تا ئێستا باوەڕی بەو بڕگەیە ماوە، ماكرۆن وتی "نازانم".

ئەو وتانەی ماكرۆن بۆ رۆژنامەی ئیكۆنۆمیست-ی بریتانی لەكاتێكدایە، پێشتریش رایگەیاندبو بەهۆی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی باكوری سوریا و پابەند نەبونی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەو هاوپەیمانیەتەوە، هاوپەیمانیەكە "لەسەر پێخەفی مەرگدایە".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP