ئەردۆگان: تا وڵاتانی دیكە نەچنە دەرەوە، توركیا لە سوریا ناچێتە دەرەوە

- 11/8/2019 10:39:00 PM 6345 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند "تا ئەوكاتەی وڵاتانی دیكە لە سوریا نەكشێنەوە، توركیا لەو خاكە پاشەكشە ناكات"، وتیشی بەردەوامدەبن لە هێرشەكانیان دژ بە هێزە كوردیەكانی ئەو ناوچەیە".

رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەوانان پاش گەڕانەوەی لە هەنگاریا رایگەیاند "لە هێرشەكانمان بۆ سەر باكوری سوریا بەردەوامدەبین تا ئەوكاتەی كۆتا تاكی هێزە كوردیەكان ناوچەكە بەجێدەهێڵێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "تا ئەوكاتەی وڵاتەكانی دیكە لە خاكی سوریا دەكشێنەوە، توركیا سوریا بەجێناهێڵێت  و كاتێك ئەوان خاكەكەیان بەجێهێشت توركیا دەچێتە دەرەوە".

مانگی رابردو، سوپای توركیا دەستیكرد بە لەشكركێشیەكانی بۆ سەر ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی فورات، لە 22ی مانگی رابردوشدا توركیا رێككەوت لەگەڵ هەریەك لە ئەمریكا و روسیا بە مەبەستی ئەنجامدانی ئاگربەست لەو ناوچانە، بەڵام تا ئێستا سەرەڕای ئاگربەست هێرشەكانی بەردەوامە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP