سەرکەوت شەمسەدین: مەسرور بارزانی لەپرسی نەوتدا راستیەکانی ئاوەژوکردوەتەوە

- 11/8/2019 9:21:00 PM 13051 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی ئایندە، رەخنە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت بەوەی لەپرسی نەوتدا راستیەکانی ئاوەژوکردوەتەوە و دەڵێت، بەغدا  لەپرۆژە یاسای بودجەی 2014   بەردەوام بو لە ناردنی %17 بۆ هەرێم بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی 250 بەرمیل لەرێگەی سۆمۆ-وە بفرۆشێت. 

سەرکەوت شەمسەدین لە راگەیەندراوێکدا کە بۆ خەندانی ناردوە دەڵێت، لە دیداری مێری لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم چەندین راستی ئاوەژوکردەوە و ئامادەنەبو دان بە شکستی کابینەی پێشوی حکومەتی هەرێمدا بنێت لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوت کە خۆی رەخنەی جدی لێی هەبو پێشتر، بەتایبەت مەلەفی نەوت.

سەرکەوت شەمسەدین وەڵامی مەسرور بارزانی داوەتەوە کە وتویەتی  "حکومەتی هەرێم ساڵی  2014 ناچاربوە خۆی نەوتەکە بفرۆشێ چونکە عێراق بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی." و دەڵێت،  ئەمە سەرلەبەری هەڵەیە و  هەناردەی نەوتی هەێم بەشێوەی سەربەخۆ لە ساڵی 2012ەوە دەستیپێکردوە و لە 2013بەتەواوی چوە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک ساڵی 2014، بەندە بەشداری چەندین کۆبونەوە و دانیشتنی شاندی ئەمریکی بوم لەگەڵ بارزانی و بەرپرسانی تری پارتی لەسەر ئەم گرفتە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، : تەنانەت لەپرۆژە یاسای بودجەی 2014پەرلەمانی عێراق بەردەوام بوو لە ناردنی %17 بۆ هەرێم بەڵام بە مەرجی ئەوەی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی 250 بەرمیل لەرێگەی سۆمۆ وە بفرۆشێت. 

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق رایگەیاند، مەسرور بارزانی ئێستاش دوای دەستبەکاربونی وەک سەرۆکی حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ چارەسەری قەیرانی موچە و مەلەفی نەوت، شکستی هێنا لەوەی لایەنە عێراقی یەکان، بە حکومەت و پەرلەمانەوە، رازیبکات تەنانەت لەگەڵی کۆببنەوە لە هەولێر، دانوستانەکانی نێوانیان بەتەواوی شکستی هێناو. 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەگەرنەرمی نواندنی عەبدولمەهدی و فشارەکانی دەرەوە وهەوڵی لۆبیکردنی ئێمە و هاورێکانمان نەبوایە ئەو زۆر لەوە کەمتواناترە بتوانێت کێشەی موچە چارەسەر بکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP