بەپەلە

نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی: كردەی تاوان و تێرۆر تێكەڵی خۆپیشاندانەكان بوە

- 11/8/2019 8:18:00 PM 1981 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، كردەی تاوان و تێرۆر تێكەڵ بە خۆپیشاندانەكان بون و داوایكرد پارێزگاری بكرێت لە بەئاشتی بەڕێوەچونی خۆپیشاندانەكان.

لە راگەیەندراوێكدا، نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند "ئەو كردەوەیانەی لەمدواییانەدا لەناو خۆپیشاندەرانەوە رویدا كردەی تێكدەرین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ دێموكراسیدا یەك ناگرنەوە" داواشیكرد پارێزگاری لە بە ئاشتی بەڕێوەچونی خۆپیشاندانەكان تا هەل نەدرێت بە شەڕخوازانی عێراق.

لە نوسراوەكەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا هاتوە " كردەی تاوان و تێرۆر تێكەڵی خۆپیشاندانەكان بوە و بە شێوەیەك رون و بەرچاو دەردەكەوێت كە ویست هەیە بۆ شكاندنی هەیبەتی دەوڵەت، بە شێوەیەك كە گەلی عێراق و ئاسایشی وڵاتەكە بە ئامانجدەگیرێت".

ئاماژە بەوەشكراوە "ئەو كردەوانە لەگەڵ كار و ئەزمونە دێموكراسیەكاندا یەكانگرنەوە، لەوانەش كوشتنی بە ئەنقەست دژ بە هاونیشتیمانیان و هێزە ئەمنیەكان، كەسزاكەی كەمتر نیە لە حەوت ساڵ زیندانی، هاوكات تاوانەكانی لێدان و ئەشكەنجەدانی هاوڵاتیانی بێتاوان و هێزە ئەمنیەكان سزاكەی زیندانی یەك ساڵە".

لە راگەیەندراوەكەدا، بە وردی باس لە سزای تاوانەكانی دیكە دەكات، كە بە گوێرەی ناوەرۆكەكەی لە خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی عێراقدا رویداوە و لە كۆتاییشدا داواكاریەكی ئاراستەی خۆپیشاندەران كردوە، بە ئاشتی داوای مافە رەواكانیان بكەن و هاوكاربن لەگەل هێزە ئەمنیەكان بۆ پاراستنی رەوشەكە".




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP