وێنە..نەقیبێكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا سێ چەكداری گروپەكەی خۆی دەكوژێت و بۆ ژێر دەسەڵاتی شەڕڤانان هەڵدێت

- 11/8/2019 6:50:00 PM 59992 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سێ چەكداری سەر بە گروپی چەكداری جەبهەی شامیە-ی سەر بە سوپای توركیا لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، بە دەستی نەقیبێك لە گروپەكەی خۆیان و لەكاتی خەودا لە بنكە سەربازیەكەی خۆیان دەكوژرێن، ئەنجامدەری ئەو كارەش بۆ ناوچەكانی ژێر دەستی شەڕڤانان هەڵهاتوە.

ئاژانسی هەواڵی ستێپ، لە زاری پەیامنێرەكەیانەوە لەناوجەرگەی باكور و رۆژهەڵاتی فورات رایگەیاند، "سێ چەكدار سەر بە گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سوریا بە دەستی نەقیب ئەبو حەسەن، كە لە هەمان گروپ فەرماندەی باڵێكی ئەو گروپە چەكداریە بوە لەكاتی خەودا و لەنێو بنكە سەربازیەكەیاندا لە شارۆچكەی مەریەمەین نزیك عفرین بە گوللـە پێكراون، دواتریش ئەبو حەسەن بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) هەڵهاتوە".

سەبارەت بە هۆكاری ئەنجامدانی ئەو كارە، ئاژانسی ستێپ رایگەیاندوە "ئەو سێ چەكدارەی كوژراون پێشتر بۆیان دەركەوتوە كە فەرماندەكەیان بە نهێنی و لەرێگەی سنورەكانەوە ژمارەیەك هاوڵاتی شیعەی ناوچەكانی حەلەب-ی گواستوەتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سوپای سوریا لە حەلەب".

راپۆرتە نێودەوڵەتی نێوخۆییەكان، ئاماژە بەوەدەكەن گروپە ئۆپۆزسیۆنە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە باكور و رۆژهەڵاتی فورات، بە بەردەوامی یاساكان و مافی مرۆڤ پێشێلدەكەن و چەندین كاری تێكدەرانە و رفاندن و بەدیلگرتن و كوشتن و تۆقاندن بەرامبەر بێچەك و بێتاوانانی ناوچەكە ئەنجامدەدەن.

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP