بەغدا؛ نزیك پردی شەهیدان پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران رویدا

- 11/8/2019 5:21:00 PM 3014 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە نزیك پردی شەهیدان-ی بەغدا-ی پایتەختی عێراق، پێكدادان لەنێوان هێزە ئەمنیەكان و خۆپیشاندەران رویدا و بەو هۆیەوە ژمارەیەك خۆپیشاندەر بریندار بون، هاوكات لە بەسڕە سەدان خۆپیشاندەر رژاونەتە سەر شەقامەكان و ژمارەی كوژراون و برینداران لە بەرزبوەنەوەدایە.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، سەدان خۆپیشاندەر لە مەیدانی تەحریر لە بەغدا-ی پایتەختی عێراق سەرەڕای هێزە ئەمنییەكان هەوڵیاندا  پردی شەهیدان تێپەڕێنن، بە گوێرەی پێگە و ئاژانسەكانی هەواڵیش لە وەڵامی هێزە ئەمنییەكانیشدا 15خۆپیشاندەر بە گازی فرمێسكڕێژ برینداربون.

لە هەمانكاتدا لە شاری بەسڕە هاوشێوەی بەغدا سەدان خۆپیشاندەر شەقامەكانیان تەنی و لە ئەنجامی پێكدادانیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی شارەكە، رێژەی كوژراوانی ئەمڕۆ بۆ 12 كەس بەرزبوەوە لەكاتێكدا زیاتر لە 270 بریندار هەیە.

بەهۆی پشێویەكانەوە و بە ئامانجی رێگریكردن لە خۆپیشاندەران، هێزە ئەمینەكانی بەسڕە شەقامە سەرەكیەكانیان داخست، هێزە ئەمنیەكانی بەغدا-ش لە پردی شەهیدان بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران كرد و تا ئێستاش ئاڵۆزیەكان بەردەوامە.

خۆپیشاندانەكانی عێراق ماوەی زیاتر لە مانگێكە بەردەوامی هەیە و تا دێت ژمارەی خۆپیشاندەران و دەنگی ناڕەزایەتیەكان بەرزتردەبنەوە، بەهۆی پێكدادانی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكانیشەوە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا سەدان كەس كوژراون و هەزارانیش برینداربون.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP