چاوەڕێی خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكرێت..هێزە ئەمنیەكان رێوشوێنی توند لەبەغدا و بەسرە دەگرنە بەر

- 11/8/2019 11:52:00 AM 1515 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چاوەڕێ دەكرێت، ئەمڕۆ هەینی، لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، خۆپیشاندانی ملیۆنی بەڕێوەبچێت و هێزە ئەمنیەكانیش رێو شوێنی توندیان گرتوەتە بەر.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، خۆپیشاندەرانی بەغداد، پۆل پۆل بەرەو گۆڕەپانی تەحریر بەڕێدەكەون و دەیانەوێت هاوكات لەگەڵ نوێژی هەینیدا، دەنگی ناڕەزایەتی و دروشمەكانیان دژی بەڕێوەبردنی وڵات و بەرپرسانی گەندەڵ بەرزبكەنەوە.

هەر بە پێی میدیاكان، هێزە ئەمنیەكان دەستیانكردوە بە گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی توندو لە بەغداد چوار پردیان لەرێگەی دانانی بەربەستی كۆنكرێتی داخستوە و بە توندی چاودێری خۆپیشاندەران دەكەن تا رێگریان لێ بكەن لە چویان بۆ ناوچەی سەوز.

لەلایەكی دیكەوە، هێزە ئەمنیەكانی بەشێكی زۆر لە شەقامە سەرەكییەكانی پارێزگای بەسرەی باشوری عێراقیان داخستوە و هاوكات پردی ئەلزوبێر كە ناوەندی پارێزگاكە بە ناوچەكانی دیكەوە دەبەستێتەوە بە بەربەستی كۆنكرێتی داخستوە.

لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێدا، لە بەغداد و بەسرە، 10 كەس كوژران و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربون، هێزە ئەمنیەكانیش رایانگەیاند" كە كەسانی لادەر" گوللـە دژی خۆپیشاندەران بەكاردەهێنن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP