پێكدادانی بەردەوام لە خۆپیشاندانەكانی عێراق.. كوژرانی 10 كەس و برینداربونی زیاتر لە 100ی دیكە لە بەغدا و بەسرە

- 11/8/2019 9:01:00 AM 1381 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسانی ئەمنی عێراق رایانگەیاندوە، لەخۆپیشاندانەكانی رۆژی رابردوی شارەكانی ناوەراست و باشوری عێراق لانی كەم 10 كەس كوژراون و زیاتر لە 100 كەسی دیكەش برینداربون.

ئاژانسی هەواڵی سكای نیوز بڵاویكردەوە، لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێ پێنج شەممە لە پارێزگای بەسرە، چوار خۆپیشاندەر بە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون و دەیان كەسی دیكەش برینداربون.

هەر بەگوێرەی ئاژانسەكە، لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق، لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێدا، شەش كەس كوژراون و دەیانی دیكەش برینداربون و هێزە ئەمنیەكان لەرێگەی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی هەوڵی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەرانیان داوە.

هەر بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، لە خۆپیشاندانەكانی دوێنێی شارەكانی ناوەراست و باشوری عێراق زیاتر لە 100 كەس برینداربون كە زۆربەی بریندارەكانیش بەهۆی بەكارهێنانی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی بوە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دژی خۆپیشاندەران.

سەرچاوە ئەمنیەكان باسیان لەوەشكردوە كە كەسانێكی نادیار، لەرێگەی بەكارهێنانی چەكەوە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان دەكەنە ئامانج.

لە بەرواری 25/10/2019 خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكانی ناوەراست و باشوری عێراق دژی ناعەدالەتی و گەندەڵی و خراپی بژێوی ژیانی هاوڵاتیانی عێراق دەستیان پێكردو بەو هۆیەشەوە تاكو ئێستا زیاتر لە 250 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كوژراون و خۆپیشاندانەكانیش بەردەوامیان هەیە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP