ئەو پزیشكەی بەهانای قوربانیەكانەوە دەچو، كوژرا
لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ شەش کەس کوژران و 200ی دیكەش برینداربون

- 11/7/2019 7:55:00 PM 3313 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی رایانگەیاند، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی بە‌غدا و شارەکانی تر شەش کەس کوژراون و 200ی دیكەش برینداربون و یەکێک لە کوژراوەکانیش پزیشکە.

عەباس عەلی، پزیشك و بەرپرسی ئۆتۆمبیلە فریاکەوتنەکان لە گۆڕەپانی تەحریر بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی بەهاناوەچونی بریندارێکی خۆپیشاندەران، لەنزیک پردی شەهیدان کەوتە بەرگوللـەی هێزە ئەمنیەکان و گیانی لەدەستدا.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان كە لەزاری سەرچاوە پزیشكییەكانەوە بڵاویانكردوەتەوە، بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆوە شەش كەس كوژراون و 200ی دیكەش برینداربون و كە زۆرینەی بریندارەكان بەهۆی گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیك هێزە ئەمنیەكانەوە بوە.

هاوکات ئەمرۆ، خۆپیشاندەران دروشمەکانیان لە دژی نەتەوە یەکگرتوەکان بەرزكردەوە و دەیانوت کار لەگەڵ حکومەتێکی گەندەڵ دەکات.

یاسر تەمیمی، یەکێک لە چالاکانی خۆپیشاندانەکان بە رۆژنامەی "عەرەبی جەدید"ی وتوە نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان هاتە گۆرەپانی تەحریر، بەهۆی گازی فرمیسکڕێژ نەیتوانی بمێنێتەوە و دۆخەکەی بەچاوی خۆی بینی، بەڵام تا ئێستا کار لەگەڵ حکومەت دەکات و هیچ فشارێک لە حکومەت ناکات".

هاوکات خۆپیشاندەران لە پارێزگای میسان تەرمی یەکێک لە چالاکانی خۆپیشاندانەکانیان بەخاکسپارد و لە بەیاننامەیەکدا داوایانکرد لەماوەی 72 کاتژمێردا بکوژی ئەو چالاکوانە ئاشکرابکرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP