بەپەلە

ناوی دامەزراوانی پەروەردەی کەرکوک رادەگەیەنرێت

- 11/7/2019 7:22:00 PM 6863 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک رایگەیاند، لە چەند هەفتەی داهاتو ناوی دامەزراوانی پەروەردەی کەرکوک رادەگەیەنرێت.

شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک لە لێدوانێکی تایبەتدا بە خەندان-ی راگەیاند، ئەوانەی ناو و خاڵەکانیان بڵاوکراوەتەوە بۆ ئەوەیە کە بزانن ناویان هەیە و دەچنە کێبڕکێوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەیەک لە پەروەردەی کەرکوک سەرپەرشتی یەکلاکردنەوەی ناوەکان دەکات و لە 20 بۆ 25 رۆژی تر ناوەکان تەواو دەبێت و بڵاودەکرێتەوە.

لەبارەی خاڵ بەخشین بەوکەسانەی کەسی پلەیەکیان شەهیدە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی ئاشکرایکرد ئەو کەسەی شەهیدی هەیە دەبێت بیسەلمنێت و نوسراوی شەهیدان بهێنێت، ئەو كاتە لەلایەن لیژنەکەوە خاڵی پێ دەدرێت.

لە بارەی دەستیوەردەرانی حزبی لە پرۆسەی دامەزراندنەکە یان دابەشکردنی بەسەر نەتەوەکاندا، شێرزاد رەشید ئاماژەی بەوەکرد، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک دڵنیایی تەواوی پێداون کە پرۆسەی دامەزراندنەکە بەپێی ئەو خاڵانەی بڵاوکراوەتەوە بەڕێوەدەچێت رێگەی بە هیچ گەندەڵیەک نادەن.

لە ماوەی رابردو پەروەردەی کەرکوک رایگەیاند، 2800 کەس وەک مامۆستا و فەرمانبەر لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق دادەمەزرێنن و بۆ ئەوەش نزیکەی 70 هەزار کەس لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆڕمیان پڕکردەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP