بەپەلە

کۆچبەرێکی کورد چیرۆکی گەیشتنی بە بریتانیا لە رێگەی بارهەڵگری ساردکەرەوە دەگێڕێتەوە

- 11/7/2019 4:05:00 PM 31168 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- هیوا عەبدوڵا 

بڕیاریدابو ئەوەی بەسەری هاتبو لەرێگای گەیشتنی بە وڵاتی بریتانیا و لە ناو بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەی سەوزەدا تەنها لە خەیاڵی خۆیدا بێت و بۆ کەسی نەگێڕێتەوە، بەڵام دوای ئەوەی رۆژی 23ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 39 ڤێتنامی لە ناو بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا لە رێگەی بریتانیادا مردن، بڕیاریدا چیرۆکی خۆی بۆ ئەو کەسانە بگێڕێتەوە کە دەیانەوێت هەمان رێگە بگرنەبەر.

سیامەند زەهرەدین، گەنجێکی تەمەن 35 ساڵی رۆژئاوای کوردستان بوە و لە شاری حەلەب لە دایکبوە، ئەو ئێستا لە شاری مانچێستەر لە بریتانیا دەژی، باس لەوە دەکات ئەوەی بەسەری هاتوە "گەورەترین ئازار بوە لە ژیانیدا"، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاریداوە ژیانێکی نوێ دەستپێبکات و یادگارییە تاڵەکانی لەبیر بکات.
ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ قاچاخچی و بازرگانی مرۆڤدا کردوە، سەفەرەکەمان بۆ ژیانێکی باشتر لە هەرکاتێکدا بێت رەنگە ببێتە سەفەری مەرگ

 

سیامەند چیرۆکی خۆی دەگێڕیتەوە بۆ ئەوەی گەنجان بزانن "ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ قاچاخچی و بازرگانی مرۆڤدا کردوە، سەفەرەکەمان بۆ ژیانێکی باشتر لە هەرکاتێکدا بێت رەنگە ببێتە سەفەری مەرگ".

دوای ئەوەی زۆرینەی پەنابەران بە  سیامەند دەڵێن، کەمپی کاڵێ لە فڕەنسا نزیکترین خاڵە بۆ گەیشتن بە بریتانیا، ئەو رێگەیەش ئاسان نیە چونکە دەبێتە بچێتە تورکیا و دواتر یۆنان، لەوێشەوە ئەلبانیا، سربیا، بولگاریا، نەمسا و ئەڵمانیا تێپەڕێنێت ئینجا بچێتە ئەو کامپە، دوای ئەوەی هەمو ئەو رێگایانە دەبڕێت لە کامپی کاڵێ بەرنامە دادەنێت چۆن بچێتە ئەو بەری سنور، سەرەتا چەند هەوڵێک دەدات کە لە رێگەی بارهەڵگرەوە خۆی بگەیەنێتە وڵاتی بریتانیا.
شۆفێری بارهەڵگرەکان لە بونی ئێمە ئاگادارنەبون، چونکە شەوان لە کاتێکدا ئەوان لە پشو دابون دەچوینە ناو بەرهەڵگرەکانەوە

 

باسی لەوەشدەکات، "شۆفێری بارهەڵگرەکان لە بونی ئێمە ئاگادارنەبون، چونکە شەوان لە کاتێکدا ئەوان لە پشو دابون دەچوینە ناو بەرهەڵگرەکانەوە، ئەوەشمان بە رێنمایی قاچاخچییەکان دەکرد کە چۆن بچینە ناو بارهەڵگرەکانەوە و چۆن بەجۆرێک دەرگاکان بکەینەوە کە وابێت هیچ کات نەکرابێتەوە".
لەسەر سنور ئامێرێکی ستونی هەیە و کاتێک بارهەڵگرەکان بە ژێریدا دەڕۆن هەمو ئەوانە ئاشکرا دەکات کە تەنانەت خوێنیان هەیە

 

ئەو چەند جارێک ئەو رێگایە بەکاردێنێت بەڵام، "چونکە لەسەر سنور ئامێرێکی ستونی هەیە و کاتێک بارهەڵگرەکان بە ژێریدا دەڕۆن هەمو ئەوانە ئاشکرا دەکات کە تەنانەت خوێنیان هەیە، ئینجا مرۆڤ بێت یان هەر گیان لەبەرێکی دیکە جیاوازی پێناکات".

سیامەند دەڵێت، نازانێت قاچاخچییەکان ناوی راستەقینەیان چیە، چونکە ئەوان هیچ کاتێک ناوی خۆیان ناڵێن، بەڵام ئەوانەی سەرپەرشتی ئەویان کردوە و ئێرانی و عێراقی بون، بە سیامەندیان وتوە، "بارهەڵگری ساردکەرەوەی سەوزە باشترین و پارێزراوترین رێگایە بۆ چون بۆ بریتانیا"، بۆ ئەو مەبەستەش پێشوتر بۆ هەر کەسێک دو هەزار دۆلاریان وەرگرتوە، بەڵام ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ شۆفێرەکە بکرێت ئەوا 12 بۆ 15 هەزار دۆلار داوا دەکەن.
قاچاخچییەکان حەز ناکەن پرسیاری وردەکاری گەشتەکەیان لێبکەی و ئەگەر پرسیاریش بکەی هەڕەشەی ئەوەت لێدەکەن لە گەشتەکانی دواتردا تۆی لێ بەدەرکەن

 

سیامەند دەگێڕێتەوە، قاچاخچییەکان حەز ناکەن پرسیاری وردەکاری گەشتەکەیان لێبکەی و ئەگەر پرسیاریش بکەی هەڕەشەی ئەوەت لێدەکەن لە گەشتەکانی دواتردا تۆی لێ بەدەرکەن، ئەو بڕیار دەدات رێگەی بارهەڵگری ساردکەرەوە بەکاربهێنێت، "چونکە هەستمکرد لە روی جەستییەوە توانای ئەوەم هەیە لە پلەی نزمیشدا خۆراگرم، بەڵام پلەی ساردکەرەوەکە بە جۆرێکە ئەگەر زیاتر لە 10 کاتژمێر مایەوە توشی ئیفلیجیت دەکات هەرچەندە بەهێزیش بیت".

سیامەند زەهرەدین وتیشی، "ئێمە لەگەڵ 22 کەسی دیکە چوینە ناو ساردکەرەوەکە و ژن و مێردێکی ئێرانی و دو ئافرەتی دیکە و دو مێرمنداڵی 15 و 17 ساڵمان لەگەڵدابو، ساردکەرەوەکە دو مەتر پانە و نزیکەی 15 مەتر درێژ بوە، سەرەتا هەستم بە ساردی نەکرد، چونکەی پلەی گەرمی 18 پلە".
خودایە چۆن ئەوە ناخۆشیانەی بەسەرم هات رونیبکەمەوە

 

سیامەند ماوەیەک وەستا وەک بڵێی پرسیار لە خۆی بکات، "خودایە چۆن ئەوە ناخۆشیانەی بەسەرم هات رونیبکەمەوە، کات کانونی دوەمی 2016 یە و 22 کەس لەناو ساردکەرەوەیەکدان و بە سندوقی پلاستیکی داپۆشراون و ئێمە بۆ شەش سەعات بۆمان نیە نە بجوڵێین و نە بچوکترین دەنگمان لێبێت".

ئەو ماوەیەکی دیکە بێ دەنگ دەبێت و روداوەکان بە بەرچاویدا دێن و دەڕۆن، "ئێمە دەموچاوی یەکتری نابینین تا بزانین تەندروستی ئەوانی دیکە چۆنە، تەنها هەست بە سەرمایەکی زۆر دەکەین و جەستەمان هەڵدەرزێت، ناتوانین بجوڵێن و منداڵەکان هەست سەرمایەکی زۆر دەکەن، هەناسەمان تەنگ بوە، ئومێدمان بە گەشتەکە و بە ژیان نەماوە و بیرمان لە مردن کردەوە، چۆن بیری لێناکەمەوە منداڵەکان دەگرین و سەرما بردونی... ناتوانم ئەو دیمەنانە بە وشە وەسف بکەم".
شۆفێرەکە بە دەنگی منداڵەکان و هاوارکردنی ئەوان بۆ هەوا  و بێبەشبونیان لە هەناسەدان ئاگادار دەبێت و دەرگای بارهەڵگرەکەی دەکاتەوە

 

شۆفێرەکە بە دەنگی منداڵەکان و هاوارکردنی ئەوان بۆ هەوا  و بێبەشبونیان لە هەناسەدان ئاگادار دەبێت و دەرگای بارهەڵگرەکەی دەکاتەوە، "ئێمە بە سەختی هاتینە خوارە و ناجوڵین و توشی ئیفلیجی هاتوین"، گەشتی پێنجەمی بە شکست کۆتایی هات و گەڕایەوە بۆ خاڵی یەکەم لە کامپی کاڵێ لە فڕەنسا، "نازانم ئەوانەی لەگەڵم بون چیان لێهات، بەڵام ژن ومێردە ئێرانیەکە لەگەڵ من هێنرابونە نەخۆشخانە".
بۆ ئەو شەوەی گەڕایەوە کامپی کاڵێ وەکو هەمو جارێک قاچاخچییەکان پێیان دەڵێن، ئەمشەو بارهەڵگرێکی دیکە دەڕوات

 

بۆ ئەو شەوەی گەڕایەوە کامپی کاڵێ وەکو هەمو جارێک قاچاخچییەکان پێیان دەڵێن، ئەمشەو بارهەڵگرێکی دیکە دەڕوات، بەهۆی ئاشکرابونی گەشتەکەی ئەوان 14 کەس کە بڕیابو بڕۆن پەشیمان دەبنەوە، بەڵام سیامەند و حەوت کەسی دیکە بڕیاردەدەن بەو ساردکەرەوەیە جارێکی دیکە چانسی خۆیان بۆ ژیانێکی نوێ تاقیبکەنەوە.

جارێکی دیکە سواری بارهەڵگرەدەبنەوە "من دوعام دەکرد کە خوای گەورە بەر لەوەی حەوت کاتژمێر تێپەڕبێت و جەستەمان بیبەستێت، دوعای دایکم گیرابێت جارێکی دیکە خێزانەکەم و هاوسەرەکەم ببینمەوە، بە تەواوی مێشکم لەلای مەرگ بو، یادگارییەکانی منداڵیم لەو حەوت کاتژمێرەدا هاتەوە یاد، کە چۆن یاریم دەکرد و چۆن خوێندم و زانکۆم تەواو کرد".
دەترسام هەرچەندە لە توانای خۆم گومانم نەبوە، لە خراپترین دۆخدا بوین و وەکو کاتی دەرچونی رۆح لە جەستە ناتوانین قسە بکەین

 

ئەوان بەرێگاوەن بۆ ئەوەی لە سنور بپەڕنەوە، "دەترسام هەرچەندە لە توانای خۆم گومانم نەبوە، لە خراپترین دۆخدا بوین و وەکو کاتی دەرچونی رۆح لە جەستە ناتوانین قسە بکەین، ئەوەی گوێمان لێیە تەنها هەڵ لەرزینی جەستەمانە و کۆئەندامەکانمان وردە وردە خاو دەبنەوە واهەست دەکەین مردوین، بڕیارمدا بە هەمو هێزی خۆم سەر بە دیواری ساردکەرەوەکەدا بكێشم و داوای تەنها بڕێکی کەم ئۆکسجین بکەم، بریتانیام ناوێت".

دوای ئەوەی دڵنیا دەبن دوای 10 کاتژمێر ئەگەری مانەوەیان نیە، سیامەند بە هەمو هێزی خۆی دەکێشێت بە ساردکەرەوەکەدا، لەوکاتەدا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدەدات و شۆفێرەکە دەزانێت شتێک هەیە، کاتێک دەرگا دەکاتەوە ژمارەیەک جەستە دەبینێت کە ناجوڵێن شۆفێرەکە دوبارە دەرگاکە دادەخاتەوە و پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکات، پۆلیس دەرگا دەکاتەوە هاوکاری مرۆیی و تەندروستی پێشکەشی سیامەند و ئەوانی دیکە دەکات.

"پۆلیسەکان بۆ ئێمە لەوکاتەدا وەکو فریشتە پەیدابون، ئێمەیان داگرت لە کاتێکدا ئێمە جەستەمان نەدەجوڵا، سوپاس خوادایە ئەوە منم جارێکی دیکە روناکی دەبینمەوە"، سیامەند زەهرەدین وایوت، دواتری دەبرێنە بنکەی تەندروسی وڵاتی بریتانیا و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکەن و دواتر رەوانەی لایەنی پەیوەندیداری وڵاتەکەیان دەکەن.
لە شارەکەی خۆم لە حەلەب گروپی داعش و توندڕەوەکان کۆنتڕۆڵیان کردوە، من پێموابو ئەگەر ئەم رێگایە بگرمەبەر لەوانەیە یەکجار بمرم

 

سەبارەت بەوەی ئایا چون بۆ بریتانیا شایستەی ئەوەبو لە پێناویدا تا لێواری مەرگ بچیت؟، سیامەند دەڵێت، "لە شارەکەی خۆم لە حەلەب گروپی داعش و توندڕەوەکان کۆنتڕۆڵیان کردوە، من پێموابو ئەگەر ئەم رێگایە بگرمەبەر لەوانەیە یەکجار بمرم، بەڵام ئەگەر لە سوریا بمێنمەوە هەمو رۆژێک هەزاران جار مردنە بۆ من".
ئامۆژگاری هیچ کەسێک ناکەم کە یاری بە ژیانی خۆی بکات لە پێناوی گەشتنی بەم وڵاتە

 

سیامەند زەهرەدینی تەمەن 34 ساڵ وتیشی، "ئامۆژگاری هیچ کەسێک ناکەم کە یاری بە ژیانی خۆی بکات لە پێناوی گەشتنی بەم وڵاتە، من بە بەخت لە مردن گەڕامەوە و لەسەر لێواری مەرگ بوم، ئەوەی رویدا هەوڵێکی نائومێدی و خۆکوژی بو".
ميناء دوفر بالمملكة المتحدة
لەبارەی زیادبونی حاڵەتەکانی فێڵکردن و رێگای سەختی پەنابەران و مامەڵەی قاچاخچییەکان لە رێگەی هەندەران، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، "بەگشتی ئەو پەنابەرانەی لە وڵاتی تورکیا کۆچ دەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت وڵاتانی بەلقان زۆربەی زۆریان دەستگیردەکرێن و  ڕوبەڕوی حاڵەتی پارەخواردن دەبنەوە بەتایبەت ئەوانەی بە نایاسایی لە نوسینگەکان پارەکانیان خەواندوە".
بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانەی گەیشتونەتە وڵاتانی بەلقان پارەکانیان خوراوە، لە کاتێکدا لە تورکیا پێیان وتون بە گەرەنتی دەگەنە ئەڵمانیا

 

ئاری جەلال بە خەندان-ی راگەیاند، "بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانەی گەیشتونەتە وڵاتانی بەلقان پارەکانیان خوراوە، لە کاتێکدا لە تورکیا پێیان وتون بە گەرەنتی دەگەنە ئەڵمانیا، بەڵام هەر لە گەیشتنیان بە ناوچەی بەلقان گیراون و پەنجەمۆریان پێکراوە، ئەوانەشی لە ڕێگای دەریایی ئیجە گەیشتونەتە یۆنان پارەکانیان خوراوە بەدەگەمن هەیە قاچاخچیەکە پارەکەی بۆ گەڕاندبێتنەوە و تەنها پارەی تورکیا بۆ یۆنانیان لێ هەڵگرتبێ".
هەندێک کۆچبەری دیکەش هەبون پێیان وتون بە گەرەنتی لە تورکیاوە دەیانبەن بۆ ئیتاڵیا و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا

 

باسی لەوەشکرد، هەندێک کۆچبەری دیکەش هەبون پێیان وتون بە گەرەنتی لە تورکیاوە دەیانبەن بۆ ئیتاڵیا و لەوێشەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام هەمویان دەستگیرکراون و پەنجەمۆریان پێکراوە.

ئاری جەلال باس لە ئامارەکانی کۆچکردن دەکات و رونیکردەوە، ساڵانی ٢٠١٦، ٢٠١٧ و ٢٠١٨ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٥ کۆچکردن بەو رێگایانە کەمی کردوە، چونکە ڕێگا نایاساییەکان بۆ ئەوروپا زۆر توندبون، ئەو کەسانەی چونەتە ئەو وڵاتانە پەنجەمۆریان پێ دەکرێت، هەربۆیە کەمتر کۆچبەر خۆیان لەو ڕێگایە دەدەن.
کۆچبەران تەنها بەهۆی سەختی رێگای وڵاتانی ئەوروپاوە روبەڕوی کێشە نابنەوە

 

کۆچبەران تەنها بەهۆی سەختی رێگای وڵاتانی ئەوروپاوە روبەڕوی کێشە نابنەوە، وەک ئاری جەلال دەڵێت، خەڵکێکی زۆریش دوای ئەوەی دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا بەهۆی کێشەی پەنجەمۆرەوە دەناڵێنن، لەبەر ئەوەی "ڕێبەرەکانیان درۆیان لەگەڵ کردون" و نەیان توانیوە بیانگەیەننە ئەو جێگایەی کە لەسەری رێککەوتون.

وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانیش باس لە مەترسیەکانی کۆچکردن دەکات و رایدەگەیەنێت، "ئەو کەسانەی کۆچ دەکەن بەڕێگای قاچاخ لە یەکەم ساتی بەڕێکەوتنیان ژیانیان لە مەترسیدایە".

مەحەمەد گۆمەشینی بە خەندان-ی وت، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئەوان دەیان چیرۆک و روداو تۆمارکراون، هەر لە "بێڕێزیکردن، بەکارهێنانیان، جیاکردنەوەی ژن و پیاو لە یەکتر و تا ئاستی کوشتن و دواتر فرۆشتنی گورچیلە و بەشێکی جەستەیان هەمو حاڵەتانە ڕوبەڕوی ئەو خەڵکە بوەتەوە".
ئەو کەسانەی لە ڕێگای کۆچبەری ڕوبەڕوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بونەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە توشی لۆمە نەبێ، حاڵەتەکان لای رێکخراوە مرۆیی  و حکومییەکان تۆمار ناکەن

 

گۆمەشینی باسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی لە ڕێگای کۆچبەری ڕوبەڕوی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بونەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە توشی لۆمە نەبێ، حاڵەتەکان لای رێکخراوە مرۆیی  و حکومییەکان تۆمار ناکەن.

لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردنی پەنابەرانی گەڕاوەی کورد، ئەو کەسانەی لە رێگەی کۆچدا توشی فێڵ لێکردن و پارە خواردن دەبنەوە، هێرش سەردار، پارێزەری راوێژکار بە خەندان-ی راگەیاند، "ئەو کەسانەی توشی قۆڵبڕین بونەتەوە دەتوانن هەمو بەڵگەکانی کۆبکاتەوە لە عەقد و شاهێد و بچنە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش  شکات بکەن، دۆسیەیان بۆ دەکرێتەوە و حاکمی ئاسایش فەرمانی گرتن بۆ تۆمەتبار دەردەکات ئەگەر بەڵگەی پێویست لەبەردەست بێت".
زۆرێک لە حاڵەتەکان ناگاتە حوکمدان چونکە بە رێگای سوڵحکردن لەگەڵ قاچاخچیەکە کێشەکە چارەسەر دەکەن

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ئەگەر تۆماتبارەکە تۆمەتەکەی لەسەر ساغبوەوە حوکم دەدەرێت بە پێنج ملیۆن دینار، زۆرێک لە حاڵەتەکان ناگاتە حوکمدان چونکە بە رێگای سوڵحکردن لەگەڵ قاچاخچیەکە کێشەکە چارەسەر دەکەن، ئەگەر قاچاخچیەکە تەنازولی نەکرد دوای ئەوەی تاوانەکەی لەسەر ساغبوەوە هاوڵاتیەکە دەتوانی لە دادگایی بەرایی تایبەتمەند سکاڵا تۆماربکات و داوای گەڕانەوەی پارەکەی بکاتەوە، لەو حاڵەتەش دادگا بەدڵنیاوە حەقەکەی بۆ وەردەگرێتەوە"

ئەو پارێزەرە رونیدەکاتەوە، "بۆ خۆم چوار حاڵەتی ئاوام هەبوە، سەدا ٩٠ی حاڵەتەکان یەک ساڵ حکومدراون وەقفیان بۆکراوە و  بە ٥ ملیۆن دینار سزادراون".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP