ئەردۆگان بۆ یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا: ئاگاداری رەفتارە چەوتەکانتان بن

- 11/7/2019 12:29:00 PM 56704 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاری لێکۆڵینەوە و سەپاندنی سزای دا بەسەر هەڵبژاردەی نیشتیمانی تورکیا بەهۆی ئەنجامدانی سڵاوی سەبازی لەمیانی یاریەکانی پاڵاوتنی جامی نەتەوەکانی وڵاتانی ئەوروپا، ئەردۆگانیش هەرەشەدەکات و دەڵێت" پێویستە یوێفا ئاگاداری رەفتارە چەوتەکانی بێت".
کاتێک سەرەی هەڵبژاردەی نیشتیمانی تورکیا و یاریزانەکانی دێت یوێفا هەڵوێستی دەگۆرێت

 

ئەمرۆ سەرۆککۆماری تورکیا لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی"کاتێک سەرەی هەڵبژاردەی تورکیا و یاریزانەکانی دێت، یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا(یوێفا)، هەڵوێستی دەگۆرێت".
پێویستە یوێفا ئاگاداری رەفتارەکانی بێت و کار و بارەکانی بە ئاقارێکی سیاسیدا نەبات

 

ئەردۆگان وتیشی" پێویستە یوێفا ئاگاداری رەفتارەکانی بێت و کار و بارەکانی بە ئاقارێکی سیاسیدا نەبات".

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا رەوایەتی دا بە رەفتاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەی و وتی" یاریزانەکانمان بەبۆنەی سەرکەوتنێکی نیشتیمانیەوە ئاهەنگیان دەگێرا و خۆشی خۆیان دەردەبری، ئەوە مافی خۆیانە".

مانگی ئەیلولی رابردو لە میانی یاریەکانی پاڵاوتنی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2020، کە هاوکات بو لەگەڵ لەشکرکێشیەکانی سوپای تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا، یاریزانانی تورکیا بۆ پیشاندانی پشتگیری خۆیان بۆ پەلامارەکانی تورکیا لەناو یاریگاکاندا سڵاوی سەربازیان ئەنجامدەدا.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP